عێراق
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەمیس خەنجەر، کەسایەتیی دیاری سیاسیی سوننەکانی عێراق لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر رایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم کاتەدا "زۆر گرنگە" و دەرفەتێکی راستەقینە رەخساوە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 خەمیس خەنجەر، کەسایەتیی دیاری سیاسیی سوننەکانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانەکەی مەسروور بارزانی و هەوڵەکانی، بە دیاریکراوی لەم کاتەدا کە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پێکدەهێندرێت، زۆر گرنگە. ئێستا دەرفەتێکی راستەقینە لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان، بەجۆرێک لە داهاتوودا جارێکی دیکە سەرهەڵنەدەنەوە."
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمای سەروەریی ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق کرد و گوتی، "ئەو ئاڵۆزییانەی لە رابردوودا لە ناوچەکەدا روویاندا، لەوانە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، هەروەها پەلامارەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی، هاندەر بوون بۆ ئەوەی هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێست وەربگرن و رێگە نەدەن ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارانە دووبارە ببنەوە، چونکە زیان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی وڵات دەگەیێنن."
سەبارەت بە ئەنجامی دیدارەکان، خەنجەر باسی لەوە کرد کە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "زۆر لە کێشەکانی چارەسەر کردووە" و رێککەوتن کراوە لە داهاتوودا هەنگاو بنرێت، بەتایبەت لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی بڕەکەی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
لەبارەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی و کابینەی نوێی حکومەتیشەوە، خەمیس خەنجەر گوتی، "رێککەوتن لە نێوان هێزە سیاسییەکان کراوە کە دوای جەژن کابینەی وەزاری تەواو بکرێت، لە نزیکترین کاتیشدا پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان و تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوێنێوە بە سەرۆکایەتی شاندێک لە بەغدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ