گالەری

 
رووداو - بەسرە
 
بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی و گەرمای بەتینی شاری بەسرە، خواست لەسەر سەهۆڵ زیادیکردووە.
 
لە شاری بەسرە دوو جۆر سەهۆڵ هەن، یەکێکیان سوێرە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، تەنیا بۆ هەڵگرتنی گۆشت و ماسی بەکاردەهێندرێت لەبری ساردکەرەوە، ئەوی دیکەشیان بۆ خواردنەوەیە و نرخەکانیان بەپێی رۆژ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
 
ئەو رۆژانەی کارەبای نیشتمانی هەبێت، نرخی سەهۆڵی سوێر بە 2000 تاوەکو 3000 دینار دەفرۆشرێت و جۆرەکەی دیکەی سەهۆڵیش بە 3000 تاوەکو 4000 دینار دەفرۆشرێت، بەڵام ئەو رۆژانەی کاژێرەکانی کارەبا کەم دەبێتەوە، هەندێک رۆژ تاوەکو نزیکەی 9000 دیناریش بەرزدەبێتەوە.
 
محەممەد عەباس، خاوەن کارگەی سەهۆڵ بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە سەهۆڵی شیرین بە 1500 تاوەکو 2000 دینار دەدەینە سەهۆڵفرۆشەکان، بەڵام کاتێک کارەبا کەم دەبێتەوە، نرخەکە کەمێک گرانتر دەبێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە بە موەلیدە سەهۆڵ بەرهەم دەهێنین و ئەمەش تێچووی زیاتر لەسەرمان دەکەوێت، بەڵام سەهۆڵفرۆشەکان لە بازاڕەکان قۆرخکاری دەکەن، نرخەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکەنەوە."