رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەیەک لە کەربەلا، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق ئەپلیکەیشنێک بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسوکاری قوتابییەکانی لە هاتووچۆ و ئاستی خوێندنیان کارا دەکات.
حەیدەر لوئەی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەهید ئەلبومەعالی لە کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی زیرەک بۆ تۆمارکردنی کاتی هاتن و چوونی قوتابییان وەک یەکەم قوتابخانە لە عێراق کارا کرا."
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت، "ئەپڵیکەیشنەکە ئاگاداریی خێرا بۆ کەسوکاری قوتابی دەنێرێت و ئاگاداریان دەکاتەوە لە کاتی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەی منداڵەکانیان، ئەمەش لە رێگەی کارتێکی تایبەتەوە دەبێت کە هەر قوتابییەک هەیەتی."
ئەو ئەپڵیکەیشنە تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوە نییە، بەڵکو راپۆرتی رۆژانە لەبارەی ئاستی زانستی، خشتەی وانەکان و بەشدارییەکانی قوتابی لە پۆل، ئەرکی رۆژانەی وانەکان دەنێرێت.
حەیدەر لوئەی گوتی، "ئامانج لەم کارە دابینکردنی دڵنیایی و ئاسوودەیی دەروونییە بۆ کەسوکاری قوتابییان، بەتایبەتی دایکان، ئەمەش وادەکات کەسوکاری قوتابییان بتوانن بە شێوەیەکی باشتر چاودێریی منداڵەکانیان بکەن، قوتابی راستگۆ بێت."
قوتابخانەی شەهید ئەلبومەعالی، قوتابخانەیەکی حکومییە، 435 قوتابی هەیە و بۆ ئەم سیستەمە نوێیە 4 ئامێری ئەلیکترۆنی دابینکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ