رووداو - هەولێر
خۆپیشاندەرانی عێراق خۆشحاڵن و پێشوازی لە پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، بە سەرکەوتن ناویدەبەن و وەک خۆیان دەڵێن، چاوەڕێی سەرکەوتنی دیکەش دەکەن.
خۆپیشاندەرێکی عێراق دەڵێت "ئەگەر یاساکە داواکارییەکانی خۆپێشاندەران جێبەجێ بکات ئەمە دەبێتە دووەمین سەرکەوتن دوابەدوای رووخاندنی حکومەت، سەرکەوتنی دیکەشی بەدواوەدێت، پەرلەمانێکی نوێ، گەنجانی نوێ، بە گیان و عەقڵی نوێوە".
پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردن یەکێکبوو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، بەڵام خۆپیشاندەران هەر بەمە ناوەستن، بەڵکو داوادەکەن بەرپرسان واز لە کورسییەکانیان بهێنن و پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت.
لەبارەی پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردنەوە، خۆپیشاندەرێک بە "هەنگاوێکی باش" ناویدەبات و دەڵێت "بەسە خوێن، با بەفیڕۆدانی خوێنی گەنجانی عێراق بەسبێت، پێویستبوو یەکەم رۆژ ئەو هەنگاوەیان بهاویشتایە، دوای ئەمەش ئێمە زیاترمان دەوێت، ئەمانە ئەگەر چاویان لە کورسییەکانیان نییە، ئەوا پێویستە دەستلەکاربکێشنەوە".
خۆپیشاندەران جەخت لەوە دەکەنەوە، پەرلەمان بە خواستی خۆی ئەو یاسایەی پەسندنەکردووە، بەڵکو لەژێر گوشار و بە ناچاری پەسندی کردووە، خۆپیشاندەرێکی دیکە لەبارەی یاساکەوە دەڵێت "یاساکەم نەبینیوە تاوەکو بڵێم باشە یاخود خراپ، بەڵام ئەوان ناچاربوون یاساکە بگۆڕن، ئەمەش سەرکەوتنە".
ماددەکانی 15 و 16 ناکۆکی زۆری لەسەربوو کە تایبەتبوو بە فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان و بەربژێربوون لەسەر ئاستی تاک کە لایەنە کوردستانییەکان رەتیان کردەوە، بەڵام دواجار ئێوارەی رۆژی 24-12-2019 پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد یاسای هەڵبژاردنی پەسندکرد و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ