رووداو دیجیتاڵ
وادەی یاسایی و دەستووری بۆ پێشکێشکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاژێر 12:00ی ئەمشەو کۆتایی دێت؛ بەڵام دوو بەرپرسی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان دەڵێن، ئەمڕۆ بەربژێر یەکلانابێتەوە و پێویستی بە کاتی زیاترە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەکانی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران چڕکردووەتەوە، تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکنەکەوتوون، ئەو پرسە پێویستی بە چەند رۆژێکی دیکەیە."
هەر لەوبارەوە، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لەسەر هیچ بەربژێرێک رێکنکەوتووە. سەرکردەکانی چوارچێوەکە "ناکۆکن، بۆیە ئەمڕۆ بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلانابێتەوە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بەدر، گوتی: "دەبێت سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی سازش بۆ یەکدی بکەن، تاوەکو لەسەر بەربژێرێک رێکدەکەون".
بەگوتەی میساق مەساری، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لە ماڵی عەبدولحوسێن موسەوی، ئەمینداری گشتیی حیزبی فەزیلە بۆ پرسی سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان 15 رۆژ مۆڵەتی لەبەردەستە بۆ ئەوەی بەربژێری خۆی بۆ سەرۆککۆمار پێشنیاز بکات. ئەو وادەیە لە رۆژی 11-04-2026 لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستیپێکردووە و کاژێر 12ی ئەمشەو کۆتایی دێت.
سەبارەت بە چارەسەریی یاسایی بۆ پرسەکە لە دوای تەواوبوونی ماوە دەستووریییەکە، عەبدولحوسێن بەهادلی، شارەزای دەستووریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر گەورەترین فراکسیۆن نەیتوانی لە ماوەی 15 رۆژدا بەربژێرەکەی دیاری بکات، پێویستە سەرۆککۆماری عێراق بەگوێرەی ماددەی 76ی دەستوور، داوای روونکردنەوە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بکات."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بەگوێرەی ماددەی 94ی دەستوور کۆتاییە و تانەی لێ نادرێت، بۆیە هەموو لایەنەکان ناچارن پابەندی هەر بڕیارێک بن کە لەو بارەیەوە دەردەچێت.
دووشەممەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە هەر یەکە لە باسم بەدری و ئیحسان عەوادی بەربژێر بوون، ئەوەی یەکەمیان 7 دەنگ و دووەمیان پێنج دەنگی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیان بە دەستهێنا، کە لە کاتێكدا بەربژێری پەسندکراو پێویستی بە 8 دەنگە، بۆیە پرسەکە دواخرا، سەرەڕای چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە، بەڵام شیعەکان تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران رێکنەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ