سەرۆکی پەرلەمان و 220 پەرلەمانتار داوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پەرلەمان بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەڵدەگرێت. هاوکات 220 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.
 
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چیتر قبووڵکراو نییە، چونکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی دەوڵەت و کارکردنی دامەزراوەکان هەیە."
 
حەلبووسی دەڵێت، "کاتێکی پێویست بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی گونجاو دراوە، بەڵام بەردەوامیی ئەم دواکەوتنە لە سنووری خۆی دەرچووە، بۆیە پەرلەمان بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی دەگرێتە ئەستۆ و بەرەو جێبەجێکردنی ئەم شایستەیە هەنگاو دەنێت."
 
220 پەرلەمانتار داوای دانیشتنی رۆژی دووشەممە دەکەن
 
لە لایەکی دیکەوە، 220 پەرلەمانتاری عێراق لە داواکارییەکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، داوایان کردووە رۆژی دووشەممە 30ی ئەم مانگە، تەرخان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
 
پەرلەمانتارەکان جەختیان کردووەتەوە کە "بەردەوامیی بەتاڵ مانەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بە واتای پەکخستنی رێڕەوی دەستووری دێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەسەڵاتەکان هەیە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بەپەلە یەکلا بکرێتەوە تاوەکو متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزتر بێت."
 
د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە یەکێکە لە واژۆکارانی داواکارییەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان وەک فراکسیۆنەکەیان پاڵپشتی لەم دەستپێشخەرییە دەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێندرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، "دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەڵەیە، چونکە عێراق لەم دۆخەدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە. دەبێت بابەتەکە یەکلا بکرێتەوە و نامانەوێت تووڕەیی خەڵکی عێراق لە دواخستنی پێکهێنانی حکومەت بەرەو هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە