رووداو دیجیتاڵ
لە کاردانەوەی زیاتری هێرشەکە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و بە "کارێکی ترسنۆکانە و پێشهاتێکی مەترسیدار" ناوی دەبات.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک؛ ئەم کارە پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە ئاسایش و یەکڕیزیی عێراق دەکاتە ئامانج و رایگەیاند، ئەم جۆرە کارانە پێویستی بە "هەڵوێستێکی تووند"هەیە بۆ لێپرسینەوە و سزادانی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەو هێرشە.
قاسم ئەعرەجی دووپاتی کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵەکان بۆ پەلکێشکردنی عێراق بۆ نێو ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان رەتدەکەنەوە.
هۆشداریش دەدات کە "پێویستە سەروەریی عێراق بپارێزرێت و سەقامگیریی وڵات بەهێز بکرێت، تاوەکو یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاسایشی هەمووان پارێزراو بێت."
ئەم هەڵوێستەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە، رێگە نادەن هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی عێراق پەلکێشی ناو ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکە بکات.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقیش لەگەڵ سەرکۆنەی هێرشەکە رایگەیاندووە: ئەم هێرشە سەرپێچییەکی جددیە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکات و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی تێکدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ