بانگەشە لە 24 کاژێردا؛ پارتى داواى هاوبەشى ئەزموون دەکات و دەستپاکى هۆشدارى دەدات

28-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

 پارتى دەیەوێت ئەزموونى خۆیان لەگەڵ لایەنەکانى دیکەى عێراق هابەشى پێبکات، دەستپاکى عێراق هۆشدارى دەدات لەبەکارهێنانى ماڵى گشتى لە کڕینى دەنگ، دادگەى فیدڕاڵیش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى یەکلا کردەوە بە رەتکردنەوەى راگرتنى رێکارەکانى، بەربژێرێکى یەکێتى دوورخرایەوە و یەکێکى دیکەیان فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکرا.    
 
مەسروور بارزانی: پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ رکابەرێکی نییە
 
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتەکەى لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە 27ى  تشرینى یەکەمى 2025 رایگەیاند: "پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ رکابەرێکی نییە و بەهێزترین حیزبی سیاسیی کوردستانە". هەروەها گوتیشی: "دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق هاوبەشیی پێ بکەین."
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەڕۆین، ئەم هەڵبژاردنە وەکو هەر هەڵبژاردنێکی دیکە گرنگە، پێویستە ئێمە بچینە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین."
 
مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "بۆ ئەوەی ئاوەدانیمان بپارێزین و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆئەوەی رێگە نەدەین ناحەزانی ئەم گەلە مافە دەستوورییەکانی ئێمە پێشێل بکەن، پێویستە هەموومان بەشدارییەکی کارای ئەم هەڵبژاردنە بکەین، بۆ ئەوەی هێزی پارتی بە هەموو جیهان پێشان بدەین."
 
مەسرور بارزانی داوای بەشداری کارای خەڵک لە هەڵبژاردن دەکات و دەڵێ: "بۆئەوەی خەڵکی دیکە لە جیاتی ئێمە بڕیار نەدات، بۆئەوەی خوشک و براکانی ئێوە، نوێنەرانی راستەقینەی ئێوە بتوانن لە سەنگەری پێشەوە لە پەرلەمانی عێراق بەرگری لە مافەکانمان بکەن، پێویستە هەموو بەشداری دەنگدان بکەن."
 
96 بەربژێرى ژن سزادران 
 
کۆی ئەو بەربژێرانەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بە پێبژاردن سزادراون گەیشتە 580 بەربژێر، 96 لە بەربژێرانی سزادراو ژنن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" تاوەکو 27ی تشرینی دووەم، تێکڕای ئەو بەربژێرانەی بەهۆی سەرپێچی و پێشێلی رێنمایی و یاساکانی کۆمیسیۆنەوە سزا دراون، گەیشتووەتە 580 بەربژێر."
 
 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت: "419 لەو بەربژێرانەی کە دوای دەستپێکی بانگەشە سزا دراون پیاو بوون و 96ـەکەی دیکە بەربژێری ژن بوون."
 
بە گوتەی جومانە غەلای، 65 لەو بەربژێرانە پێش دەستپێکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن سزا دراون.
 
سزاى پێبژاردنى کۆمیسیۆن بەگوێرەی رێکارەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنە کە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات، زۆرترین پێشێلکارییەکان هەڵواسینی وێنە و پۆستەرە لەو شوێنانەی کە رێپێدراو نین.
 
نەوەی نوێ سکاڵای لە یەکێتی کردووە
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، سکاڵایەکی رێگەپێدراوی جووڵانەوەی نەوەی نوێی لە دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتکردووەتەوە تایبەت بوو بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بە پاساوی ئەوەی بەڵگەی پێویست لەبەردەست نەبووە.
 
سکاڵایەکی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە رەتکراوەتەوە، رێگەپێدراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی گولسەل محەممەد عەبدولڕەحمان، بەربژێری لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە کەرکووک، سکاڵاکە تایبەت بووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و بە پاساوی نەبوونی بەڵگە رەتکراوەتەوە.
 
ئەنجوومەنەکە هەروەها سکاڵایەکی دیکە لە دژی نەعیم عەبوودى، سەرلیستی هاوپەیمانی سادیقوون لە بەغدا رەتکردووەتەوە ،عەبوودى هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقە،ئەو لیستە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەقە.
 
27 بەربژێر دەبێت دوو ملیۆن دینار بدەن
 
چوار بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتن بە سزادانی 27 بەربژێری لیستە جیاوازەکان بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
بە گوێرەی بڕیارەکان هەر یەک لەو بەربژێرانە بە دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دراون، لەو سپاردە داراییە دەبڕدرێت پێش بانگەشە رادەستی کۆمیسیۆنیان کردووە.
 
ئەو پێشێلکارییانەی بەربژێرەکانى لەسەر سزا دراوە، تایبەتن بە بانگەشەکردن و هەڵواسینی پۆستەر لەو شوێنانەی کە رێگەپێدراو نین.
 
 بەربژێرێکى یەکێتى دوورخرایەوە
 
ژمارەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەر کەمدەبێتەوە، ئەمجارە شەش بەربژێر لە رکابەری لیستەکان دوورخراونەتەوە، هۆکاری دوورخستنەوەکانیان جیاوازە و پەیوەندیدارن بە پێشینەی تاوان، ساختەکردنی بڕوانامە، بەعسی بوون.
 
بەربژێرە دوورخراوەکان بریتین لە: عەلی شایع، بەربژێری هاوپەیمانی "فاو- زاخۆ" لە بەسرە، ئیبراهیم حەبیب، بەربژێری هاوپەیمانی 'ئەبشر یا عێراق' لە بابل، حوسێن سوڵتانی، بەربژێری هاوپەیمانی خزمەت لە بابل، ئەیاد تەمیمی، بەربژێری عومقى نیشتمانی لە بەغدا، محەممەد عەتییە، بەربژێری هاوپەیمانی سەروەری نیشتمانی لە ئەنبار، لەیلا کەریم، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی.
 
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دوورخستنەوەى بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەوە بووە و فەرمانگەی یاسایی راسپێردراوە بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو بەربژێرە پێشکەش بکرێت.
 
بەربژێرێکى  سەلاحەدین: حەشدی شەعبی رێگەم پێنادات بچمە عۆجە 
 
بەدر فەحل، پارێزگای سەلاحەدین و بەربژێرى پارتى جەماوەرى نیشتمانى لەو پارێزگایە لە بەرنامەی بێستوون تۆک رایگەیاند: "وێڕای ئەوەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سەلاحەدینم، بەڵام حەشدی شەعبی رێگریم لێدەکات بچمە نێو عۆجە وەکو ئەوەی دەچمە شوێنەکانی دیکە''.
 
 عۆجە شوێنى لە دایکبوونى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووى دەسەڵاتى حیزى بەعسە لە عێراق.
 
بەدر فەحل کە لەنێو لیستێکى سوننەى سەلاحەدینە گوتى:" نزیکەی شەش ساڵە هەوڵی گەڕاندنەوەی خەڵکی عۆجە بۆ ناوچەکانیان دراوە، بەڵام حەشەی شەعبی ناوچەکانی کۆنترۆڵ کردووە بۆیە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بگەڕێنەوە،ئێستا لیژنەیەک پێکهێنراوە و رێکارەکانی گەڕانەوەی خەڵکی دەستیان پێکردووەو پێدەچێت دوو مانگ بخایێنێت، بڕیاری نووسراوی فەرمیش بۆ گەڕانەوەی خەڵکی عۆجە هەیە و لە جێبەجێکردندایە"
 
ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سەلاحەدین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 12 کورسییە، 13 حیزب و هاوپەیمانی بە 296 بەربژێر کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسییەکانی پارێزگاکە دەکەن.
 
فەرمانى دەستگیرکردن بۆ بەربژێرێکى یەکێتى دەرچوو 
 
عێزە ئەمنییەکان لە سنووری دیالە سێ سکاڵا لەسەر بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمار دەکەن و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت.
 
نزار سامان، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە تۆمەتی چوونە سەر بازگەیەک لە سنووری پارێزگای دیالە لەگەڵ ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکە، فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرچووە."
 
بە گوتەی بەربژێرەکەی یەکێتی، 7 سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، سێیان لە دژی خۆی و چوارەکەی دیکەش لە دژی ئەوس مەهداوییە.
 
  فەرمانى دەستگیرکردنى ئەو بەربژێرە لە دواى بڵاوبوونەوەى گرتەیەکى ڤیدیۆی بوو کە تیایدا لەگەڵ ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە دەرکەتووە کاتێک لەگەڵ کارمەندى هێزە ئەمنییەکان لەدیالە دەبێتە دەمەقاڵێیان.
   
 موقتەدا سەدر:درۆزنەکان  دەیانەوێت گومان بخەنە سەر بایکۆتەکەمان
 
موقتەدا سەدر جەخت لەسەر بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەکاتەوە و کەسانێک تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ دەدەن گومان بخەنە سەر بەردەوامیی بایکۆتەکەیان و ئاماژەی بەوەشدا، خەونێکى بینیوە، لێکدانەوەی وایە محەممەد سادق سەدریی باوکیشی لەگەڵ بڕیاری بایکۆتەکەیدایە.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسینێکی لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە.
 
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا، بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدری باوکی, سەرکۆنەى بوونی جیاوازیی هەڵوێستی سیاسیی دەکەن، بەتایبەت بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوو و هەروەها بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئێستا.
 
سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە باس لەوە دەکات، خەونێکی بینیوە و تیایدا پێشنوێژی بۆ ژمارەیەک نوێژخوێنان کردووە و هەندێکیان رووی قیبلەیان جیاواز بووە، ئەمەش دەشێت ئەو خەونە وا لێکبدرێتەوە باوکی رەزامەندە بە بڕیاری بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنێکدا کە بە گوتەی ئەو، "گەندەڵکاران تیایدا بەشدارن".
 
موقتەدا سەدر دەڵێت: "هەروەها ئەو خەونە ئاماژەیە بۆ جیاوازی لەنێوان شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدر، لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینەکانی کە لە نەزانی بێت یان بە مەبەست بێت."
 
لە 4ـی تەممووزی 2025، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
 
لەو نووسینەدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، هەندێک هەوڵدەدەن گومان دروست بکەن لەبارەى بەردەوامبوونیان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و بە "درۆزن" ناویان دەبات.
 
دادگەى فیدڕاڵى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى یەکلاکردەوە  
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای لەبارەی هەڵبژاردن رەتکردەوە؛ یەکێکیان داوای کردبوو رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رابگیرێت تاوەکو یاساکەی یەکلا دەکرێتەوە، سکاڵایەکى دیکە کە رەتکرایەوە، سەرلیستێکى دوورخراوە پێشکێشى کردبوو بۆ ئەوەى بگەڕێندرێتەوە رکابەریی هەڵبژاردن.
 
هەردوو سکاڵاکە  27ی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقەوە تاوتوێ کران و رەتکرانەوە.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن چوار کەسەوە لەسەر پەرلەمانی عێراق پێشکێش کرابوو، داوایان دەکرد شەش بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە نادەستووری بناسێنرێت و پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەند بکرێن بە راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی هەڵبژاردن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو پرسە یەکلا دەبێتەوە.
 
ئەو ماددانەی تانەیان لێدرابوو تایبەتن بە کۆکردنەوەی واژۆی دەنگدەران بۆ خۆبەربژێرکردن، دیاریکردنی جێگرەوەی پەرلەمانتار، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی بەگوێرەی پارێزگاکان و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان.
 
پاساوی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ رەتکردنەوەی سکاڵاکە ئەوە بووە کە "پێشتر ئەو پرسە یەکلا کراوەتەوە."
  
سکاڵای دووەمیان کە لەلایەن دادگە رەتکرایەوە، لەلایەن یەزن مەشعان جبووری، سەرلیستی پێشووی هاوپەیمانیی (سقورنا) لە پارێزگای سەلاحەدین پێشکێش کرابوو، تێیدا داوای کردبوو بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە 8ـی ئەیلوولی 2025 دەری کردووە بە نادەستووری دابنێت کە بەهۆیەوە لە سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکە دوور خرایەوە و کۆمیسیۆن پابەند بکرێت بە گەڕاندنەوەی.
 
پاساوی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەی سەرلیستی سقورنا لە سەلاحەدین ئەوەشە کە ئەو پرسە لە پسپۆڕیی دادگەکەدا نییە.
 
ئاسانکارى بۆ گەڕانەوەى دەنگدەرانى ناوچە کێشە لەسەرکان دەکرێت  
 
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر پرسی دەنگدەرانی پارێزگاکانی دیکە، بەتایبەت کەرکووک، سەڵاحەدین، نەینەوا ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە، ئامادەکاریی زۆر باشمان کردووە و هەموو ئاسانکارییەکیان لە رووی هاتووچۆ و ئەمنییەوە بۆ دەنگدەران دەکرێت."
 
هێمن میرانی دەڵێ: "هەر کەسێک لە رۆژی دەنگداندا کارتی دەنگدانی پێبێت، وەکو ئەوە وایە پاسپۆرتی پەڕینەوەی پێبێت بۆ ئەوەی کێشەی بۆ دروست نەبێت لە کاتی گەڕانەوەدا."
 
ئاوارەکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە کە ناسنامە و کارتی نیشتمانییان هی ئەو ناوچانەیە، پێویستە بگەڕێنەوە پارێزگاکانیان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "بە هیچ جۆرێک نابێت لە هیچ بازگە، دەروازە و فڕۆکەخانەیەک ئاستەنگ بۆ دەنگدەرانی ناوچە کێشەلەسەرەکان دروستبکرێت، بەڵکو هاتووچۆ لە رۆژانی ئاسایی ئاسانتر دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاسانکارییە بۆیان، تاوەکو بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ دەنگدان."
ئومێد خۆشناو دەڵێ: "ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر و ماڵباتی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری هەولێر نیشتەجێن.''
 
دەستەى دەستپاکى عێراق: بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ بانگەشە بەکارنەهێنن
دەستەى دەستپاکى عێراق هۆشدارىیدا لەبارەى بەکار هێنانى نووسراوە فەرمییەکان لە بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
 
ئەو هۆشدارییەى لەمیانەى کۆڕێکى نوێنەرانى ئەو دەستەیە بوو لە پارێزگای بەسرە کە 27ى تشرینى دووەمى 2025 ئەنجام درا. 
 
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى دەستەکە،باسیان لە لێکەوتە یاساییەکانى بەکارهێنانى ماڵى گشتى کردووە بۆ بانگەشەکردن بۆ بەربژێران و یان کڕینى دەنگ و ئەوانەى ئەو کارە دەکەن رووبەڕووى تووندترین سزا دەبنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە