رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشداری لە نانەوەی ئاژاوە دەدات.
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "بە ئامانجگرتنی ماڵی هەریەک لە بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە."
نووری مالیکی ئاماژەی بەوە کرد،ئەم جۆرە رەفتارانە تەنیا کەسایەتییەکان ناکەنە ئامانج، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق دەبێت؛هەروەها گوتی: "ئەم هێرشانە دەبنە هۆی لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەیامەکەیدا جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق کردوەتەوە و هەموو جۆرە تووندوتیژییەکی رەتکردوەتەوە.
مالیکی داوا لە لایەنەکان دەکات وەک "یەک ریز" بووەستن بۆ شکستپێهێنانی ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێ سەقامگیریی وڵات تێکبدەن و ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکاندا بنێنەوە.
رۆژی شەممە، 28ی ئاداری 2026، لە رێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.
هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، لەو کاتەوەی شەڕ دەستی پێکردووە "پێنج جار هێرشکراوەتەسەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەنێو جەماوەر دروست نەبێ".
دەقی پۆستەکەی نووری مالیکی:
"ئەو پێشێلکارییانەی لە هەرێمی کوردستان روویاندا، بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرکردەکانی هەرێم، بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، کارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە لە لایەن هەر لایەنێکەوە بێت، ئەم کارانە تەنیا کەسانی دیاریکراو ناکەنە ئامانج، بەڵکو دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە گشتی دەبەن و بەشدارن لە لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی".
ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە بەهێزکردنی گیانی تەبایی و یەکگرتووییە لەنێوان رۆڵەکانی نیشتمان و رەتکردنەوەی تووندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە، و وەستان وەک یەک ریز بۆ شکستپێهێنانی هەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ