رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوی پاش کۆبوونەوەیدا رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە، "ئاماژەی مەترسیدارن و هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکانە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و لەرزۆککردنی سەقامگیری، کە ئەمەش پێویستی بە وشیاریی زیاتر و هەماهەنگی نیشتمانی هەیە".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شەوی 29-3-2026 کۆبووەوە.
لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی ژمارە (268)ی ئەنجامدا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی 29ی ئازاری 2026، لە نووسینگەی بەڕێز موحسین مەندەلاوی، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە و هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی".
ئاماژەی بەوەش داوە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی کردەوە لەسەر رەتکردنەوەی تووندی ئەو پێشێلکارییانەی رووبەڕووی سەروەریی عێراق دەبنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لە کردەوە دووژمنکارییەکان بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی بێلایەنکردنی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان و پاراستنی بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆی وڵات".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە یەکە ئەمنی و سەربازییەکانی کردە ئامانج، کە "بووە هۆی زیاتر لە 100 شەهید، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی ئامادەییان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوە هەستیارەکان لە وڵاتدا".
لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە، ئاماژەی مەترسیدارن و هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکانە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و لەرزۆککردنی سەقامگیری، کە ئەمەش پێویستی بە وشیاریی زیاتر و هەماهەنگی نیشتمانی هەیە".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، "لە کاروباری سیاسیدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستخۆشی لەو جووڵانە کرد کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئارادایە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار، جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە تەواوکردنی ئەم شایستە دەستوورییە، داواشی لە هێزە سیاسییەکان کرد بابەتەکە یەکلا بکەنەوە و سوود لە وادەی کۆتایی کۆبوونەوەکە وەربگرن بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی پەککەوتن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ