رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکی موسڵ و دەوروبەری، ئەوانەی لە رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانیە تێوەگلاون بە "گەندەڵی راستەقینە" ناودەبات و دەڵێت ئەوان ئازادن و بە ئازادی لە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە و رەنگە پاسەوانیشیان هەبێت، داواش دەکات لێکۆڵینەوەی راستەقینە و راستگۆ بکرێت و سەرجەم ئەو کەسانەی کەمتەرخەمن سزابدرێن.
رۆژی هەینی، 29-9-2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ گەیاندنی پرسە بۆ قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانیە، گەیشتە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا.
لە کەنیسەی ماربەهنام و سارا لە قەزای حەمدانیە "بەغدیدا" کە پرسەی قوربانییانی رووداوەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ لە گوتارێکدا لەبەردەم سەرۆککۆماری عێراق و شاندی یاوەری گوتی: "جەنابی سەرۆکۆمار هاتنت بۆ ئێرە پڕبوو لە ئاڵنگاری و هاتی بۆ ئەوەی لەنێوانماندا بیت، بە دەنگێکی بەرز دەیڵێم، رزگارمان بکەن لە گەندەڵی، رزگارمان بکەن لە گەندەڵی، ئەو رووداوەی لەو هۆڵە روویدا، رەنگە لەهەر گۆشەیەکی ئەم وڵاتە خۆشەویستەمان دووبارەببێتەوە."
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ و دەوروبەری باسی هۆڵەکەی حەمدانیەی کرد، کە رووداوەکەی تێدا روویدا و گوتی: "زۆر دەزگامان هەیە کە گەندەڵی رۆچووەتە نێویانەوە، جەنابت پارێزەری دەستووری، داوات لێدەکەین لێکۆڵینەوەکان راستگۆ و راستەقینەبن و خوێنی بێگوناهەکان بەفێڕۆنەچێت، هەروەها کەس نەبێتە قوربانیی لێکۆڵینەوەکان، دەمانەوێت سەرجەم دەزگا تێوەگلاوەکان و سەرۆکەکانیان و هەموو ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوانە گەندەڵی راستەقینەن، نەوەک ئەو چەند کەسە سادەیەی لە هۆڵەکەدا بوون، ئەوانە رەنگە رۆڵیان هەبێت، بەڵام گەندەڵی راستەقینە ئەمڕۆ ئازادە و لە شەقامەکان دەسووڕێتەوە و رەنگە پاسەوانیشی هەبێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە هەموو رووداوێکدا ناشتن یەکجار دەبێت، بەڵام لە رووداوەکەی هۆڵەکەی حەمدانیە رۆژانە قوربانی دەنێژن و دەگەڕێنەوە نوێژ دەکەن. گوتیشی، تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ 60 کەسیان ناشتووە و هێشتا 37 کەسی دیکەیان هەیە کە نەیانناشتوون.
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانیی کاسۆلیکیی موسڵ لە گوتارەکەیدا داوایەکی دیکەشی هەبوو و گوتی: "ئازارمان زۆرە، ئومێد دەکەین کەس موزایەدە بەسەر ئازارەکانمانەوە نەکات و بڵێت نوێنەری کریستیانەکانە، نوێنەری کریستیانەکان تەنیا کەنیسەیە، نوێنەریان ئەوانەن کە برینداربوون لە رووداوەکە، ئەوانە نوێنەری کریستیانەکانن کە لە گۆڕەکاندان، ئەوانە نوێنەری راستەقینە بوون، چونکە ئەوان خۆیان رازاندبووەوە و جوانترین جلیان لەبەربوو و گەندەڵ و دز نەبوون و دەستیان بە خوێنی کەس سوور نەبوو."
ئەو قسانەی ئەو پیاوە ئاینییە کریستیانە لەکاتێکدایە خاوەنی هۆڵەکە لەگەڵ 13 کەسی دیکەش دەستگیرکراون، بەپێی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆڵەکە بە زێدەڕۆ دروستکراوە، دەشگوترێت خاوەنی هۆڵەکە لەگەڵ دەستڕۆیشتوویەکی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بازرگانییان پێکەوە هەیە و ئەوەش وایکردووە خەڵکی ناوچەکە زیاتر تووڕەبن، هەر ئەمرۆش وەکو نیگەرانییەک، بەشێک لە خەڵکی حەمدانیە نەیانهێشت ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی هۆڵەکە بکات.
لە رووداوەکەی شەوی سێشەممەی 26ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند کە کەمتەرخەمی لە دروستکردنی هۆلەکەی حەمدانیە هەبووە و 14 کەس دەستگیرکراون، ئەوەشی روونکردووەتەوە لە هۆڵەکەدا کەرەستەی خێرا گڕگرتوو بەکارهێنراوە و یاریی ئاگرینی قەدەخەکراو هەبوون کە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی قەزای حەمدانیەی کرد بۆ گەیاندنی پرسەی خۆی و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رووداوەکە کە دەبێت لەماوەی 72 کاژێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لێی ئاشکرابکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ