رووداو - بەغدا
گەنجێک لە شاری بەغدا بۆ ئاشتکردنەوەی خۆشەویستەکەی، بایی یەک ملیۆن دینار پۆستەر چاپدەکات و، شان بە شانی پۆستەری کاندیدەکان لە شەقامەکان هەڵیاندەواسێت.
لە پۆستەرەکان دەردەکەوێت ئەو گەنجە دەیەوێت خۆشەویستەکەی لە بڕیاری دابڕان پاشگەزبکاتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خەڵکێکی زۆر پشتیوانییان بۆ دەربڕیوە و قسەی جۆراوجۆریان لەسەر کردووە، دەیان دەنگۆش لەبارەی چیرۆکەکە بڵاوکراونەتەوە.

یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "پۆستەری سیاسییەکان رکابەرایەتی گەنجێکی عاشقیان پێناکرێت". یەکێکی دیکەیان نووسیویەتی: "چیرۆکێکی خۆشەویستی لە نێوەڕاستی شەڕی سیاسییەکان". یەکێکیشیان بە توانجەوە نووسیویەتی: "تووڕەبوونی خۆشەویستەکەی یەک ملیۆن دیناری لەسەر کەوت"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو پارەیەی لە چاپکردن و هەڵواسینی پۆستەرەکان خەرجی کردووە.

گەنجە عاشقەکە لیستەکەی ناوناوە ''خۆشەویستی و وەفا'' و بە لیستی ژمارە دوو ناساندوویەتی، وەکو خۆیشی ئاماژەی پێکردووە، بۆیە نەیکردووەتە لیستی ژمارە یەک، چونکە لای ئەو مەعشوقەکەی ژمارە یەکە.

گەنجەکە هاشتاگی ''تۆ نیشتمانمی" لەسەر یەکێک لە پۆستەرەکان داناوە و لە هەموو پۆستەرەکانیش ''حەیدووز.. ئەسووزی نووسیوە''. لەسەر پۆستەرێکیش نووسیویەتی: ''تۆ لەسەر شێوەی نیشتمانی و، هەرگیز هیچ قیبلەنمایەک ناچێتەوە سەر چاوەکانت''.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، شاری بەغدای پایتەخت بەهۆی ململانێی دەیان لیستی سوننە و شیعە و پێکهاتەکان، گەرمترین بانگەشە بەخۆیەوە دەبینێت. لەکۆی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق، بەغدا 69 کورسی و 2 کورسی کۆتای هەن.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ