رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق "هەنگاوێکی سرووشتییە" و بە رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، گوتی: "بەپێی ئەو راگەیێندراوە هاوبەشەی ئەیلوولی رابردوو بڵاوکرایەوە و تێیدا خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق راگەیێندرا، هێزی هاوپەیمانان بەپێی ئەو خشتە کاتییەی رێککەوتنی لەسەر کراوە کار بۆ گواستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێ، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق."
دەشڵێت، وەک لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژەی پێدراوە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی "هەنگاوێکی سرووشتییە چونکە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ پەیوەندییەکی ئاسایشی دوولایەنەی نەریتی دەگۆڕێت."
دوێنێ دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لە رۆژی شەممەوە هێزەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی بەغدا دەست بە کشانەوە دەکەن. راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباریش گوتی، لە عەین ئەسەدیش دەکشێنەوە.
بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوەیەی رووداو، کشانەوەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەبێت.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ