پارێزگای ئەنبار كە پێشەنگ بوو لەدەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی پارێزگا سوننە نشینەكانی عێراق لەدژی سیاسەتەكانی حكومەتەكەی نوری مالیكی، ئەمڕۆ پاش ململانێیەكی دوورودرێژی نێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكە حكومەتی ناوخۆیی پێكهێناو پارێزگاری لەبەرەی بەرهەڵستكاری مالیكی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای لەبەرەی لایەنگری مالیكی دەستنیشانكرد.
سوهەیب راوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە هاوپەیمانی موتەحیدون بە(رووداو)ی راگەیاند:"ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار پاش دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی بۆ ماوەی چەند كاژێرێك ئەحمەد زیاب، كاندیدی هاوپەیمانی نەهزە وەك پارێزگاری ئەنبارو سەباح كرحوت، كاندیدی لیستی عێراقییەی عەرەبی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەنبار هەڵبژارد، هاوكات لیستی عابرون بەسەرۆكایەتی قاسم فەهداوی، پارێزگاری پێشووی ئەنبار بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد".
ئەستەمی پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی ئەنبار هیچ نەبێ ئاماژەیەكە بۆ پەرتبوونی لایەنە سیاسییەكان لەعێراق و قوڵتربوونی ناكۆكییەكانی نێوانیان، لەكاتێكدا لایەنە ناكۆكەكانی ئەنبار هەموویان سوننە مەزهەبن و تەنانەت دانیشتوانی پارێزگاكەش بەگشتی سوننە مەزهەبن و بەپێچەوانەی زۆربەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق ئەنبار هیچ كەمینەیەكی نەتەوەیی ئەوتۆ لەخۆ ناگرێ.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەحمەد عەلوانی، سەركردە لەهاوپەیمانی موتەحیدونی پێشوو، نەهزەی ئێستا، خاوەنی زۆرینەیە لەئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لەبەیاننامەیەكدا كە كۆپیەكی بەدەستی (رووداو) گەیشتووە رایگەیاند:
"هاوپەیمانی موتەحیدون دوێنێ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كۆبووەوە لەئەنبارو هاوپەیمانییەكی نوێی لەگەڵ هەر یەك لە فراكسیۆنی ئیرادەی جەماوەری و فراكسیۆنی یەكبوونی نیشتمانی پێكهێنا بەناوی (گردبوونەوە لەپێناو ئەنبار) كە ژمارەی كورسییەكانی ٢٠ كورسی لەكۆی ٢٩ كورسی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە".
هاوكات موزهر موللا، سەرۆكی هاوپەیمانی ئەنباری نیشتمانی بە رۆژنامەی (مەدا)ی راگەیاند:"قەوارەكانی نێو ئەنجوومەنی ئەنبار پێشتر رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی ئەنبار گرێبدرێ و پۆستی پارێزگاری ئەنبار بدرێتە جاسم حەلبوسی، سەرۆكی ماوەبەسەرچووی ئەنجوومەنی پارێزگاكەو پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەنباریش بدرێتە قاسم فەهداوی، پارێزگاری ماوەبەسەرچووی ئەنبار، بەڵام رێككەوتنە سەری نەگرت".
هەرچەندە پرسی پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی ئەنبار كۆتایی پێهات، بەڵام پێناچێ گرفتی ئەو پارێزگا سوننە نشینە بەم نزیكانە كۆتایی پێبێ بەتایبەت گەر بیرمان نەچێ پارێزگاری نوێی ئەنبار لەبەرەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە كە بەرهەڵستكاری سەرسەختی نوری مالیكییە، ئەمە جگە لەوەی خۆپێشاندەرانی ئەنبار هێشتا سوورن لەسەر داواكانیان و ئامادەنین كۆتایی بەخۆپێشاندەنەكانیان بێنن.
دیارترین براوەكان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئەنبار (٢٩) كورسی
*هاوپەیمانی نەهزە بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی ٨ كورسی
*لیستی عابرون بەسەرۆكایەتی پارێزگاری ئەنبار قاسم فەهداوی ٥ كورسی
*عێراقییەی عەرەبی بە سەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ ٤ كورسی
*عێراقییەی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی ٣ كورسی
*ئەنباری نیشتمانی بەسەرۆكایەتی موزهیر موللا ٣ كورسی



