خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەغدا دژی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کەتایبی حیزبوڵڵا بەڕێوەدەچێت و لایەنگرانی حەشدی شەعبی روویان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کردووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵیۆزخانەکە و هەوڵدەدەن بچنە نێو باڵیۆزخانەکە.
لە خۆپیشاندانەکەدا جگە لەوەی هەریەکە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بەشدارن، هاوکات فەرماندە سەربازییەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و سەرایا خوراسان لەنێو خۆپیشاندەراندان.
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەرگای چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکایان داخستووە و لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا خێوەتیان هەڵداوە.
لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە، خۆپیشاندەران ئاڵای ئەمریکایان سووتاندووە و درووشمی دژی ئەمریکا و ئیسرائیلیان گوتووەتەوە.
پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەران گوتی، دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لەنێو باڵیۆزخانەکەدا نین و خۆپیشاندەران داوادەکەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا دابخرێت.
رۆژی یەکشەممە 29-12-2019 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج هێرشیان بۆسەر بنکەکانی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە. پێشتر حەشدی شەعبی رایگەیاند هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، بەڵام ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکەی لەڕێگەی فڕۆکەی ئێف 15وە ئەنجامداوە.
حەشدی شەعبی سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارانیان لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان دەڵێت، 28 کوژراو و 48 بریندار هەن.








.jpg&w=3840&q=75)