کۆبوونەوەی هەسەدە و دیمەشق کۆتاییهات؛ 'کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو'

01-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەی شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە لەگەڵ دیمەشق کۆتاییهات. عەمید زیاد ئەلعایش، ئەندامی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەردوولا پەرۆشبوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچووە. عەمید زیاد ئەلعایش رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و گیانی بەرپرسیارێتی و پەرۆشیی هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بەڕێوەچوو."
 
عەمید ئەلعایش ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا، لەسەر چەندین دۆسیەی گرنگ رێککەوتن کراوە، دیارترینیان: پێکهێنانی لیژنەی لاوەکیی پسپۆڕی: ئەم لیژنانە ئەرکیان بەدواداچوون دەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، کە لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆ کرابوو.
 
چارەسەرکردنی کێشەکانی تاقیکردنەوەکان: رێککەوتن لەسەر هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە تاقیکردنەوەکان و ناوەندەکانی تاقیکردنەوە، بە شێوەیەک کە مافی خوێندکاران و سەلامەتیی پرۆسەی پەروەردەیی مسۆگەر بکات.
 
ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان: گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی رێگرن لە گەڕانەوەیان کرا.
 
کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود: رێککەوتن کرا لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب و، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی. بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکات.
 
عەمید ئەلعایش جەختی لەوە کردەوە، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە گفتوگۆی بنیادنەر و هاوکاریی بەردەوام دووپات کردەوە، "بە جۆرێک کە لە خزمەت یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سووریا بێت بۆ ئاسایش و سەقامگیری."
 
هەروەها رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەوانەی لەسەری رێککەوتوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە