دیمەشق و پەیەدە لەسەر فیدراڵی دانوستاندن دەکەن

01-10-2016
برادۆست ئازیزی
نیشانەکردن سووریا پەیەدە
A+ A-

رووداو - هەولێر

خەریكە فیدراڵی دەبێتە پەنەدۆڵی ژانەسەری كێشەكانی سووریا. بەڕێوەبەریی خۆسەری رۆژئاواش لەگەڵ حكومەتی سووریا لەسەر ئەو مژارە کەوتوونەتە دانوستاندن. رۆژی هەینیی رابردوو 23/9/2016 ، سەرژمێری لە كانتۆنی جەزیرە لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو. وابڕیارە هەمان سەرژمێری لە كانتۆنی كۆبانێ‌ و عەفرینیش بكرێ‌، دوای سەرژمێریش ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكرێ‌.

سەرژمێرییەكە، كە لەلایەن بەڕێوەبەریی خۆسەری رۆژئاواوە بەڕێوەچوو، رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری پارتەكانی دەرەوەی تەڤگەری دیموكراتی (تەڤدەم) بووەوە. چونكە پێیانوایە زیانی بۆ ئایندەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەبێ‌.

سەرچاوەیەك لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی رۆژئاوا، كە سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەریی دیمۆكراتیكە، بە (رووداو)ی راگەیاند ئەو سەرژمێرییە نەتەوەیی نییە و ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتە ئیتینكییەكان دیاریناكرێ. بەڵكو سەرژمێرییەكی گشتییە بۆئەوەی بزانرێ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی جەزیرە چەندە و چەند كەس بۆی هەیە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بەشدارببێ.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی هەڵبژاردنەكە تەنیا دیاریكردنی ژمارەی دەنگدەران نییە، بەڵكو بۆ دیاریكردنی رێژەی بێكاری و ژمارەی كەمئەندامان، هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەیە کە روویان لە كانتۆنەكە كردووە و ئەوانەی کە لەوێ‌ ئاوارەبوون.

ترسی حیزبەكانی دەرەوەی تەڤدەم لەو سەرژمێرییە لەوەیە كە هەڵبژاردنی بەدوادادێت‌. چونكە زۆربەی لایەنگرانیان ئاوارەبوون یان لەلایەن ئاسایشی رۆژئاواوە دەركراون.

د.فەرید سەعدون، كە ماوەیەك لەمەوبەر لە زانكۆی فورات لە حەسەكە لە كارەكەی دوورخرایەوە و ئێستا لە قامشلۆ دادەنیشێ‌، بە (رووداو)ی گوت "ئەو سەرژمێرییەی لە كانتۆنی جزیرە كرا، كەموكوڕیی زۆری تێدایە. چونكە ململانێیەكی تووند لەنێوان حیزبەكانی رۆژئاوای كوردستاندا هەیە. تەنیا لایەنێك ئەو كارەی كردووە. بۆیە ئەو داتایانەی كۆدەكرێنەوە جێی گومانن".

دەستەی رێكخستنی ئەنجوومەنی دامەزراندنی سیستمی فیدراڵیی دیموكراتیی رۆژئاڤا- باكووری سووریا، رەشنووسی پەیمانی كۆمەڵایەتیی داڕشتووە و ئێستاش ئامادەكاری دەكات بۆ هەڵبژاردن.

فەتحوڵڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی رۆژئاوا لە باشووری کوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای سەرژمێری، هەڵبژاردنی پەرلەمان بەناوی كۆنگرەی گەلانی دیموكرات و هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش بەڕێوەدەچن. كەمینەكانیش حیسابی كۆتایان بۆ دەكرێ‌".

بەڵام ئیبراهیم برۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا بە (رووداو)ی گوت ئەوان بەشداری لە هەڵبژاردندا ناكەن، "ئێمە لەسایەی حوكمی ئەسەددا بەشداری لە هەڵبژاردنی گاڵتەجارانەدا ناكەین. لایەنێكی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان دەیەوێ‌ هەمان ئەزموونی حیزبی بەعس دووبارەبكاتەوە".

هەروەها جەواد ئەبوو حەتەب، سەرۆكی حكومەتی كاتیی سووریا هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانی و پەرلەمان لە رۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەکات و بە (رووداو)ی گوت "پەیەدە جارجارە دەیەوێ حزووری خۆی پێشانبدات، بەڵام هیچ لایەنێك بایەخ بە پڕۆژەكانی نادات. دەیەوێ‌ بە خۆسەپاندن شەرعیەت بەخۆی بدات. ئێمە ئەو هەڵبژاردنە بە كارتۆنی دەزانین".

پێدەچێ‌ حكومەتی سووریا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیدارەی رۆژئاوا هەڵكردبێ‌ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. هەربۆیەش گفتوگۆی لەگەڵ دەكات. ئێستا دانوستاندنەكان بە نێوبژیوانیی رووسیا لەنێوان حكومەتی سووریا و سەركردەكانی تەڤدەم لەبارەی هەڵبژاردن و سیستمی فیدڕاڵی دەستیپێكردووە.

سەرچاوەیەك لە حكومەتی سووریا، كە ئاگاداری دانوستاندنەكانە،  بە (رووداو)ی راگەیاند "رۆژی دووشەممە 19/9/2016 شاندی یەپەگە و تەڤدەم لە فڕۆكەخانەی قامشلۆ بە  فڕۆكەیەكی رووسی چوونەتە فڕۆكەخانەی حمێمیم لە لازقیە، كە لەژێر دەستی سوپای رووسیادایە. دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا، هەر لە دیمەشق لەگەڵ عەلی مەملووك، سەرۆكی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی سووریا كۆبوونەتەوە".

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە "شاندی بەڕێوەبەریی خۆسەری رۆژئاوا بە عەلی مەملووكیان راگەیاندووە كە ئەوان خۆیان بۆ راگەیاندنی سیستمی فیدڕاڵی ئامادەكردووە. سیستەمە فیدراڵییەكەش لەسەر بنەمای جوگرافییە و هەموو پێكهاتەكان بە یەكسانی تێیدا بەشداردەبن".

حكومەتی سووریا لەبارەی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ خۆسەریی رۆژئاوا هیچ لێدوانی فەرمیی نەداوە، بەڵام بەرپرسانی رووسیا چەندینجار لە لێدوانەكانیاندا فیدراڵیان وەكو چارەسەرێك بۆ قەیرانی سووریا پێشنیازكردووە.

پەنادۆڵ و فیدراڵی لە جنێڤ

رۆژی 31/1/2016  بەشار جەعفەری، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری بەشار ئەسەد لە دانوستاندنەكانی جنێڤ 3، لەبارەی پرسی فیدراڵی لە رۆژئاوای كوردستان، لە وەڵامی پەیامنێری رووداودا گوتی "ئەوەی داوای فیدراڵی بۆ سووریا دەكات با حەبی پەنادۆڵ بخوات".
نوێنەرەكەی ئەسەد لە درێژەی وەڵامەكەیدا گوتی "پرسی دابەشكردن بەتەواوەتی لە مێشكتان دەربكەن، هەركەسێك بیر لەوە بكاتەوە كە سووریا دابەشبكات لەگەڵ هەموو رێزماندا، حەبی پانادۆڵ یان ئەدڤیل بخوات و لەو وەهمە خۆی دەرباز بكات".

بەڵام ئێستا فیدرالیزم مژارێكە و لە سووریا بەجدی گفتوگۆی لەسەردەكرێت. بەشار ئەسەدیش لە هەڤپەیڤینەكانیدا دژایەتیی ئەو سیستمەی نەكردووە و بەڵكو دەڵێ هەر بڕیارێک لەبارەی ئایندەی سووریاوە بدرێ،‌ دەبێ‌ لە چوارچێوەی دەستووری سووریادا بێ‌ و خەڵكی سووریا بڕیاری لەسەر بدات.
پێشتر جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئاگربەست دوایین چانسی مانەوەی سووریایە بەیەكگرتوویی. بۆیە ئێستا دابەشكردنی ئەو وڵاتە بۆ چەند هەرێمێك بە دەریچەیەك دادەنرێ‌ بۆ دەرچوونی سووریا لەو قەیرانەی تێیكەوتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە