ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەرکۆنەی سووکایەتی بە تەرمی بارین کۆبانی دەکات

03-02-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عەفرین بارین
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە نوێنەرایەتی سیاسی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات، دان بە پێشێلکاری ئەو گرووپە چەکدارانەدا دەنێت بەرامبەر خەڵکی مەدەنی و دیل و تەرمی کوژراوان، سەرکۆنەی ئەو کارانەش دەکات.

لە راگەیێندراوێکدا ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە لەدوای شێواندن و سووکایەتی بە تەرمی بارین کۆبانی، کچە شەڕڤانی یەپەهە بڵاویکردووەتەوە، سەرکۆنەی کردەوەکە و هەموو ئەو کەسانە دەکات کە دەستیان لە پێشێلکارییەکەدا هەبووە.

ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داواشدەکات، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییە دەستپێبکات و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر ئەنجامدەرانی "ئەم جۆرە تاوانە قێزەوەنانە" بگیردرێتەبەر.

ئیئتیلافەکە راشیگەیاندووە "داوا لە هەموو لایەک دەکەین پابەندبن بە پاراستنی خەڵکی سڤیل و رێز لە تایبەتمەندییە ئەتنی و ئاینییەکان بگرن لەپێناو چارەسەرێکی سیاسی گفتوگۆی بونیاتنەر بۆ رێگرتن لە خوێنڕشتن و رێگرتن لەهەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ململانێی عەرەب و کورد. ئەم رەفتارانە پێچەوانەی سادەترین رەفتار و شێوازی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتی و شەریعەتە ئاسمانییەکانە بەرامبەر دیلەکانی شەڕ". 

ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لە پێشێلکارییەکان دەکات و دەڵێت "لەم رۆژانەی دواییدا دیمەنی کوشتنی هەندێک چەکدارنی ژن و خەڵکی سڤیلی کورد لە عەفرین بڵاوبوونەتەوە، لە سووتاندن و شێواندنی تەرم و دزی و تاڵانی موڵک و ماڵی کوردانی ئێزدی و سووکایەتیکردن، لەلایەن هەندێک گرووپ کە دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "کوشتن، سووتاندن، سەربڕین و سووکایەتی بە تەرمی کوژراوان، کە بەم ساڵانەی دوایی بەرامبەر بە پێکهاتەکانی سووریا کراوە لەلایەن رژێم و رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە مایەی سەرکۆنەیە و مرۆڤایەتی ناتوانێت قبووڵی بکات".

رۆژی 30-1-2018 بارین کۆبانێ، کچە شەڕڤانی نێو یەپەژە لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی بلبلێی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد گیانی لەدەستدا.  بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تەرمی بارین کۆبانێ شێوێندراوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە