رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریایان دایەوە کە لە چەند میحوەرێکەوە کرایە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب.
ئاسایش دەڵێت، هێرشەکە میحوەرەکانی جەلا، بازگەی جەزیرە و نەخۆشخانەی یۆنانی گرتووەتەوە و لەوێ پێکدادانی تووند لەنێوان هەردوولادا روویداوە و هێزەکانی ئاسایش توانیویانە بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە.
هەر بەگوێرەی ئاسایش پێکدادان لە میحوەرەکانی بازنەی لێڕاموون و بازنەی شیحانیش پێکدادانەکان دەستیانپێکردووە.
لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبووە. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، 7 رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن هەموویان داخراون.
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، لە دەروازەکانی هەردوو گەڕەکەکە بە خۆڵ رێگەی هاتووچۆیان بڕی. بەرپرسێکی پەیەدە لە حەلەب دەڵێت، 15 کورد بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار بوون.
هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رووداوەکانی حەلەب ئەنجامی کردەوە تووندوتیژییەکانی حکومەتی دیمەشقە و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکات، "هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ نادادپەروەرانەیە و راگرتنی هێرش و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ