رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا پاساوێکی نوێ بۆ هێرشەکەی سەر شێخ مەقسوود دەهێنێتەوە و رایدەگەیێنێت، زانیارییە هەواڵگرییەکان بوونی "پاشماوەی رژێمی پێشوو (بەشار ئەسەد)، پەکەکە و چەکداری بیانی"یان لەنێو گەڕەکەکان پشتڕاست کردووەتەوە.
رۆژی هەینی 09-01-2026 بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، "پێدانی مۆڵەتی دووبارە و پەلەنەکردن لە چوونەژوورەوە بۆ نێو گەڕەکەکان، لە چوارچێوەی پەرۆشییە بۆ سەلامەتیی سڤیلەکان و رێگریکردنە لە بەکارهێنانیان وەک کارتی گوشار و قەڵخانی مرۆیی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە هەسەدەوە."
وەزارەتی بەرگری تۆمەتی نوێ ئاراستەی هێزەکانی نێو گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکات و دەڵێت، "زانیارییە مەیدانی و هەواڵگرییەکان دەریانخستووە کە گرووپی چەکدار لەنێو شێخ مەقسوود هەن، کە پێکهاتوون لە چەکداری لەیاسا دەرچوو، پاشماوەکانی رژێمی پێشوو [رژێمی بەشار ئەسەد]، ئەندامی سەر بە پەکەکە و چەکداری بیانی."
لە کۆتایی لێدوانەکەدا هاتووە، جووڵەی سوپا بۆ پشتیوانیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ (سەر بە حکومەت) و یەکەکانی جێبەجێکردنی یاسایە، بە ئامانجی "سەپاندنی ئاسایش، گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێکەڵکردنەوەی تەواوەتیی گەڕەکەکە بە پێکهاتەی سرووشتیی شاری حەلەب."
شێخ مەقسوود وەکو ناوچەی سەربازیی داخراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سوپای عەرەبیی سووریا دەڵێت، بەهۆی بوونی سڤیلەوە "پەلە ناکات،" بەڵام راپۆرتەکان باس لە تۆپبارانی چڕ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ