یەکێتیی ئەورووپا 722 ملیۆن دۆلار دەداتە سووریا

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە دیمەشقەوە پاکێجێکی گەورەی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا راگەیاند، بەڵام هاوکات نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەڕی نێوان حکومەت و کورد لە حەلەب نیشاندا و داوای گفتوگۆی بەپەلەی کرد.

رۆژی هەینی 09-01-2026، ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کە لە دیمەشق بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بڕی نزیکەی 620 ملیۆن یۆرۆ (722 ملیۆن دۆلار) بۆ ساڵانی 2026 و 2027 پێشکێشی سووریا دەکات.

ڤۆندەرلاین کە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە گوتی: "دوای ساڵانێک لە وێرانکاری لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد، پێداویستییەکانی ئاوەدانکردنەوە زۆرن و ئەمڕۆ بە چاوی خۆم بینیم."

بەپێی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، ئەم پارەیە بۆ سێ بواری سەرەکی تەرخان دەکرێت: هاوکاریی مرۆیی، بووژانەوەی سەرەتایی و ئاوەدانکردنەوە و پشتیوانیی دووقۆڵی بۆ دامەزراوەکان.

سەبارەت بە دۆخی حەلەب، ڤۆندەرلاین هەڵکشانەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی حکومەت و شەڕڤانانی کوردی بە "جێگەی نیگەرانی" وەسف کرد و رایگەیاند: "بەردەوامیی گفتوگۆ لە نێوان هەموو لایەنەکان پێویستییەکی بەپەلەیە."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، کە دەیانەوێت "پەڕەیەکی نوێ" لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەڵبدەنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە "رێگەی ئاشتبوونەوە و بنیاتنانەوەی متمانە کاتی دەوێت."

دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2025 هەموو سزاکانی سەر سووریای لابرد. ئەم سەردانە بەرزترین ئاستی نوێنەرایەتیی ئەورووپایە بۆ دیمەشق لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا.

هەرچەندە ئەورووپا پارەی تەرخان کردووە، بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە "گواستنەوەی ئاشتییانە و گشتگیر" و "بەشداریپێکردنی هەموو سووریاییەکان" کراوەتەوە. 

ڤۆندەرلاین پارەکە دەدات، بەڵام نیگەرانە لە شەڕی حەلەب. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سوپای سووریا شێخ مەقسوودی کردە ناوچەی سەربازی و بۆردوومانی چڕی دەستپێکردووە، کە پێچەوانەی ئەو "ئاشتبوونەوەیە"یە، کە ئەورووپا داوای دەکات.

لە ساڵی 2011ـەوە یەکێتیی ئەورووپا زیاتر لە 38 ملیار یۆرۆی وەک هاوکاری پێشکێشی سووریا کردووە. پاکێجە نوێیەکە (722 ملیۆن دۆلار) تایبەتە بە قۆناخی دوای ئەسەد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە