شێخ مەقسوود؛ پەناگەیەكی ئارام لە شارێكی پڕ لە ئاشووبدا

09-12-2016
لۆلۆخان
نیشانەکردن حەلەب سووریا
A+ A-

رووداو- هەولێر

تەنیا ناوێك نییە لەسەر نەخشەی پارێزگای حەلەب، بەڵكو رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێ‌ لە قەیرانی سووریادا، ئێستا شێخ مەقسوود، سەرەڕای بۆردومانكردنی بەردەوامی لەلایەن هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمەوە، بەڵام بووەتە پەناگەیەك بۆ ئەو ئاوارانەی لە ناوچە پڕ لە شەڕ و ئاشووبەكانی حەلەبەوە هەڵدێن.

گەڕەكی شێخ مەقسوود لە حەلەب، گەڕەكێكی كوردنشینە. بەناوی زانایەكی ئاینییەوە ناونراوە. دانیشتووانی ئەو گەڕەكە لە ساڵی 2004 بەشدارییان لە سەرهەڵدانی قامشلۆی رۆژئاوای كوردستاندا كرد. هەروەها یەكەم گەڕەك بوو كە بووە بەشێك لە قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011دا.

شێخ مەقسوود دەكەوێتە باكووری شاری حەلەبەوە. هاوسنوورە لەگەڵ رێگەی كاستێللۆ كە بە رێگەی لۆجیستیكی دادەنرێت. یەپەگە حاكمی ئەو گەڕەكەیە كە لە چوار بەش پێكهاتووە: رۆژهەڵات، رۆژئاوا، مەعرووف و گۆڕستان.

بەر لە سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا 200 هەزار كەس لەو گەڕەكە دەژیان كە 95%یان كورد بوون. بەڵام دوای شەڕی نێوخۆی سووریا زیاتر لە 150 هەزار كەس گەڕەكەكەیان جێهێشتووە. تاوەكو ئێستا 300 كەس بەهۆی بۆردومانەوە لەو گەڕەكە گیانیان لە دەستداوە.

بەهۆی شەڕی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی حەلەب 6000 كەس ئاوارەی ئەو گەڕەكە بوون. ئەوەش لە كاتێكدایە 26 گرووپی ئۆپۆزیسیۆن رۆژانە شێخ مەقسوود تۆپباران دەكەن، هەشت جاریش فڕۆكە جەنگییەكانی سووریا ئەو گەڕەكەیان بۆردوومان كردووە.

دانیشتووانی ئەو گەڕەكە لە دەستپێكی قەیرانی سووریاوە بەشدارییان لە چەندین خۆپێشانداندا كردووە لە دژی رژێمی سووریا. لە ئەنجامی ئەمەشدا بە دەیان گەنجی ئەو گەڕەكە دەستگیركراون.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2012دا قەیرانی سووریا دژوارتر بوو و چووە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، سوپای سووریا دەیان بۆمبی بەرمیلی بەسەر ئەو گەڕەكەدا باراند، بەڵام شتێك كە چاوەڕواننەكراو بوو، ئەوە بوو سوپای ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن وەك یەپەگە دەڵێ: "بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە" درێژەیان بە هێرشەكانیان دەدا بۆ سەر گەڕەكی شێخ مەقسوود.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی یەپەگە، گەڕەكی شێخ مەقسوود لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا لەلایەن گروپی جەیش ئەلئیسلام بە بۆمبی خەردەل و گازی كلۆر بۆردومان كراوە.

زۆرجار گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن داوایان لە دانیشتوانی گەڕەكەكە كردووە چۆڵی بكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی دانیشتووانەكەی ئەم داوایەی ئەوانیان رەتكردووەتەوە، 20 جار هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی گەڕەكەكەیان داوە، بەڵام یەپەگە سەرجەم هێرشەكانی تێكشكاندوون.

لە شەش و حەوتی ئاداری 2016دا گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن 70 هاوەنیان ئاراستەی شێخ مەقسوود كرد. لە ئەنجامیشدا هەشت خانووی هاووڵاتیان وێران بوون و 21 كەسیش كوژران.

ئەو هاووڵاتیانەی لە گەڕەكەكە ماون، دەڵێن ئەوان راهاتوون لەگەڵ هێرشەكانی سوپا و ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەر گەڕەكەكە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك چۆڵی ناكەن. ئەوان دەڵێن لە حەلەب شوێنێكی دیكە نییە لە شێخ مەقسوود ئارامتر بێ‌.

ئەحمەد بەرازی كە دانیشوویەكی گەڕەكی شێخ مەقسوودە دەڵێت "رۆژانە لەلایەن گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە 20 جار بۆردومانی شێخ مەقسوود دەكرێت، هەموو پێداویستییەكانی وەك ئارد و دەرمان و خواردەمەنیی رێگەیان لێدەگیرێت بگاتە گەڕەكەكە".

مامۆستایەكی قوتابخانە كە نەیویست ناوی بهێنرێ گوتی :"بۆردوومانی  هەڕەمەكی بۆ سەر گەڕەكەكەمان بەردەوامە. بازاڕ،  قوتابخانە، مزگەوت، كۆڵان و خانوو و هەموو شوێنێكی سڤیلنشین بۆردوومان دەكرێن".

میدیا ژنێكی كوردە و بەهۆی تۆپبارانەوە برینداربووە دەڵێت "من لە ماڵی خۆم بووم، دەمە و ئێوارە دەنگی تۆپبارانم بیست، هاوەنێك بەر ماڵی ئێمە كەوت. چاوم كردەوە بینیم لە نەخۆشخانەم" میدیا هەروەها گوتی: "رۆژانە مردن بە چاوی خۆمان دەبینین".

سەرەڕای ئەو گوشارەی لەسەر گەڕەكەكە هەیە، بەڵام بە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی حەلەب، شێخ مەقسوود دەبێتە پەناگەیەكی ئارام بۆ ئاوارەكان. لەدوای هێرشەكانی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب، بە هەزاران كەس ئاوارەی گەڕەكی شێخ مەقسوود بوون. خەڵكی گەڕەكەكە دەرگایان بەڕووی عەرەبە ئاوارەكان كردەوە، بۆردوومانی گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش بەردەوامە.

جگە لە شێخ مەقسوود شەش گەڕەكی دیكەی دەوروبەری بەمدواییە كەوتوونەتە دەست یەپەگە، بەپێی زانیارییەكان دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە ترسیان لە ئۆپۆزیسیۆن و رژێم هەیە، هەر بۆیە رازی بوون یەپەگە بچێتە نێو گەڕەكەكانیان، ئەمەش بەو مانایەیە كە متمانەیان بە كورد هەیە.

ئەگەرچی شێخ مەقسوود گەڕەكێكی كوردنشینە، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەش لەخۆ گرتووە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2012، بەهەزاران كۆچبەر روویان لەو گەڕەكە كردووە. ئەو عەرەبانەی ئێستا نیشتەجێی ئەو گەڕەكەن دەڵێن "شێخ مەقسوود شوێنی راستەقینەی پێكەوەژیانە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە