رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا نەخشە و وێنەی ئاسمانیی ئەو شوێنانەی بڵاوکردەوە کە لە نێو گەڕەکی شێخ مەقسوود هێرشیان دەکاتە سەر و داوا لە دانیشتووان دەکات بەپەلە لێیان دووربکەونەوە.
ئێوارەی هەینی 09-01-2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لەڕێگەی ئاژانسی فەرمیی ساناوە زنجیرەیەک نەخشە و وێنەی ئاسمانیی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی نێو گەڕەکی شێخ مەقسوود بە رەنگی سوور دیاری کراون.
سوپای سووریا لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "لەڕێگەی شاشە و پلاتفۆرمەکانی کەناڵی ئیخباریەی سووریاوە ئەو شوێنانە بڵاودەکەینەوە کە دەکرێنە ئامانج، چونکە رێکخراوی هەسەدە و رێکخراوی پەکەکە (PKK) کردوویانەتە بارەگا و بنکەی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر حەلەب."
لە وێنە بڵاوکراوەکاندا، سوپای سووریا بە وردی شوێنەکانی داناوە و بازنەی سووری لەسەر چەند گەڕەکێک کێشاوە، لەوانە ناوچەکانی نزیک مزگەوتی سەلاحەدین و شەقامی خالید کوڕی وەلید.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان هۆشداریی تووند دەداتە دانیشتووانی سڤیل و دەڵێت: "پێویستە بەپەلە لەو ناوچە دیاریکراوانە دووربکەونەوە و چۆڵی بکەن، لەپێناو پاراستنی گیانتان."
دۆخی حەلەب لە قۆناخی هۆشدارییەوە چووەتە قۆناخی دیاریکردنی ئامانجەکان، لە کاتێکدا گوتاری سیاسی و سەربازیی دیمەشق دژبەیەکیی تێدایە.
سوپای سووریا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانیان چوونەتە نێو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و دەستیان بە "پاککردنەوە" کردووە.
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، هێرشێکی گرووپەکانی (عەمشات و حەمزات)ـیان تێکشکاندووە و ناوچەکانیان لەژێر کۆنترۆڵدایە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لە "پاراستنی مافی کورد" کردەوە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، حکومەت رێگەی شەڕی هەڵبژاردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکان، بەڵام کورد هێشتا پابەندە بە رێککەوتنی 10ـی ئادار.
فەرەنسا و ئەمریکا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و پاراستنی سڤیل دەکەن.
ژمارەی قوربانییان جیاوازە؛ ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکان باس لە کوژرانی 12 کەسی سڤیل و برینداربوونی دەیان کەس دەکەن لە گەڕەکەکانیان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژە بە کوژرانی 7 بۆ 9 کەسی سڤیل دەکەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت. بەگشتی، بەپێی ئامارەکان لە رۆژی سێشەممەوە لانیکەم 21 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ