رووداو دیجیتاڵ
رێبەری دروزەکانی سووریا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا دەڵێت: ئەوەی ناوی لێنرا "راگەیاندنی دەستووری" لە راستیدا راگەیاندنی ستەم بوو.
حیکمەت هەجەری، لە هەڤپەیڤینەکەیدا بۆ رووداو کە محەممەد عیسا لەگەڵیدا سازی کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە زۆربەی بەندەکانی [دەستوور] رازی نەبووین. ئەو مافە کەمانەی تێیدا بوو تەنیا بۆ کورد نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو تائیفە و پێکهاتەکانی گەل بوو، تەنانەت برا سوننەکانیش لێی رازی نەبوون."
رێبەری دروزەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ ناکۆکییەک لەنێوان ئەوان و دیمەشقدا نییە. بەڵام گلەیی لە دەسەڵاتی نوێ هەیە و دەڵێ: " ئەوان وا خۆیان نیشان دەدەن کە رازین، بەڵام بەداخەوە داواکارییە ئاشتییانە و روون و نیشتمانییەکانی ئێمە جێبەجێ ناکەن."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی حیکمەت هەجەری لەگەڵ رووداو
رووداو: ئایا دەکرێت سووریایەکی سەقامگیر بەم شێوازەی ئێستای حوکمڕانییەوە بنیات بنرێت؟
حیکمەت هەجەری: سەقامگیری بەدی نایەت ئەگەر بە رەچاوکردنی دۆخی سووریا و پێکهاتەی گەلەکەی و دابەشبوون و تێکەڵاویی پێکهاتە و چینە جیاوازەکانی نەبێت. بۆیە شێوازی حوکمڕانیی کاتیی ئێستا، تاوەکو کاتێک هاوسەنگییەک بۆ هەموو ئەمانە دانەنێت و بە شێوەیەکی ژیرانە و ورد کار نەکات، ئەوا بەردەوام نابێت... کێشەکانیش هەر دەمێننەوە... بۆیە ئێمە و رۆڵەکانی سووریا بانگەوازمان بۆ لامەرکەزیی ئیداری کردووە، کە دەبێتە سیستەمێکی سیاسیی نزیکتر و گشتگیرتر و سەرکەوتووتر لە هەموو ئەوانی تر بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیری باشتر.
رووداو: ماوە ماوە ناکۆکی لەنێوان ئێوە و دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا سەرهەڵدەداتەوە، هۆکاری بنەڕەتیی ئەم جیاوازییە چییە؟
حیکمەت هەجەری: لە راستیدا هیچ ناکۆکییەک لە نێوانماندا نییە، چونکە ئێمە لە سەرەتای دەرچوونی (سەرۆکی) هەڵاتووەوە داوای مافەکانی گەل و شۆڕشگێڕان دەکەین لە رێگەی دیالۆگێکی گشتگیر و دەستوورێکی شارستانیی دروست و نوێکردنەوە و بنیادنانی دامەزراوەکان بە شێوەی نموونەیی و دابەشکردنی سامانی گەل... ئەو سامانەی کە لە سەردەمی رژێمی لەنێوچوودا لەبەردەم فرۆشتن و تاڵانکردندا بوو.. ئێمە لە سەرەتاوە بانگەوازمان کرد کە هەموو سوورییەکان هاوبەش بوون لە سەرکەوتندا و کەس فەزڵی بەسەر ئەوی دیکەدا نییە، چونکە هەمووان هەوڵی خۆیان دا و ئیرادەی نێودەوڵەتی سەپێنرا و ئەوەی بوو، بوو.
بەڵام ئەوەی روودەدات نەبوونی راستگۆییە. ئەو برایانەی گەیشتنە دیمەشق، هاوارمان لێ دەکەن و دەڵێن "ئەوەی رزگار دەکات، بڕیار دەدات،" ئێمەش پێیان دەڵێین ئێمە و ئێوە و هەموو گەلی شۆڕشگێڕ رزگارکەرین و هەر ئێمەش بڕیاردەرین، نەک تەنیا ئێوە، ئێوە داگیرکەر یان کاولکار نین تا روانگەی خۆتان و رەنگی خۆتان بە تەنیا بەسەر هەموو پێکهاتەکاندا بسەپێنن، بەڵکو هەموومان وەک یەک گەل هاوبەشی سەرکەوتنین.. ئەگینا دەگەڕێینەوە بۆ روویەکی دیکەی ستەمکاری کە لەوەی بەعسی بەشار و باوکی دەچوو، ئەمەش داواکاریی شۆڕشگێڕان نەبوو.
ئەوان وا خۆیان نیشان دەدەن کە رازین، بەڵام بەداخەوە داواکارییە ئاشتییانە و روون و نیشتمانییەکانی ئێمە جێبەجێ ناکەن، کە هەرگیز داواکاریی تائیفەیەک یان پارێزگایەک یان تایبەت نەبوون، بەڵکو هەموو رۆڵەکانی سووریا بە هەموو رەنگەکانیانەوە کۆک بوون لەسەری، بەڵام گەندەڵیی میدیا و بەخەبەرهێنانەوەی مێشی ئەلیکترۆنی [ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی نەناسراو خزمەت بە لایەنێک دەکەن و هێرش دەکەنە سەر لایەنی دیکە] کە رژێمی پێشوو دایمەزراندبوو، گەڕایەوە بە بەرگێکی نوێی تۆمەتی ناپاکییەوە کە تەنیا هەندێک دەستەواژەی گۆڕاوە، بۆ ئەوەی ئێمە لەم داواکارییە نیشتمانیانە دووربخەنەوە، شێواندن و ساختەکاری و هاندان دەکرا، کە بووە هۆی رژانی خوێنی بێتاوانان بۆ ترساندنمان و دوورخستنەوەمان لە خستنەڕووی داواکارییە نیشتمانییە نەگۆڕەکانمان یان پاشگەزبوونەوە لێیان.
رووداو: گەلی سووریا لە نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاواز پێکدێت، دانپێدانان بەم فرەییە بەڕای ئێوە سەرچاوەی هێزە یان لاوازی؟
حیکمەت هەجەری: ئێمە لێرە نین بۆ دانپێدانان یان رەتکردنەوەی ئەم راستییانە، بەیاننامەکانی ئێمە لەم رووەوە تەواو روون بوون. چەندین جار گوتوومانە کاتێک باسی جوانیی سووریا دەکەین، شانازی دەکەین بە هاووڵاتیبوون و خۆشەویستیی نێوان هەموو رۆڵەکانی گەلی سووریا بە هەموو ئایین، تائیفە، رەنگ، پێکهاتە و نەتەوەکانییەوە. ئەم جوانییە وەک جوانیی قوماشێکی یەکگرتوو و پتەوە. ئێمە باس لە کەمینە و زۆرینە ناکەین، بەڵکو باس لە پێکهاتەیەکی گەلی یەکگرتوو دەکەین بۆ هەموو ئەوانەی باسمان کردن، کە سووریای جیاکردووەتەوە و مۆرکێکی شارستانی و رەنگاڵەیی پێبەخشیوە و وای لێدەکات ببێتە منارەیەکی رووناک و نزیک لە هەموو گەلانی جیهان، بۆیە ئەم قسەیە شانازی و جوانی و هێزە، هەرگیز پێچەوانەکەی نییە.
رووداو: بەڕای کورد دەستووری کاتی هیچی نەگۆڕیوە و هیچ دانپێدانان و مافێکی بە کورد نەداوە، ئێوە چۆن سەیری ئەم دەستوورە دەکەن؟
حیکمەت هەجەری: دەستوور؟! باسی کام دەستوور دەکەن؟ ئەوەی ناوی لێنرا "راگەیاندنی دەستووری" لە راستیدا راگەیاندنێکی ستەمکارانە بوو. ئێمە و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە زۆربەی بەندەکانیدا رەزامەند نەبووین لەسەری. ئەو مافانەی کەمی تێدا بوو تەنیا بۆ کورد نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو تائیفە و پێکهاتەکانی گەلیش بوو، تەنانەت برا سوننەکانیش لێی رازی نەبوون. بوار نییە بچینە ناو وردەکارییەکانیەوە، جەخت لەسەر داوای هەموارکردنەوەی بە تەواوەتی دەکەینەوە.
رووداو: کورد و مەسیحی و عەلەوییەکان داوای دەستوورێک دەکەن کە بە بەشداریی هەمووان بنووسرێتەوە و مافی هەمووانی تێدا بێت و لەسەر بنەمای ناناوەندی بنیات بنرێت، ئێوە چۆن دەڕواننە دەستووری هەمیشەیی نوێی سووریا؟
حیکمەت هەجەری: ئێمە جەخت دەکەینەوە و یەکەم کەس بووین داوای هەموارکردنەوەمان کرد لەلایەن پسپۆڕانەوە و، بەبێ هیچ دوودڵییەک و بەبێ رەچاوکردنی هیچ کەسێک، بانگەوازمان بۆ دەوڵەتێکی یەکگرتوو کرد بە سیستەمێکی ناناوەندیی دیموکراتیی مەدەنی. هەر ئەمەش بوو کە بووە هۆی هەموو ئەو هێرشە ئەلیکترۆنی و دوژمنکارییە میدیایی و هاندانانەی لە دژمان کرا، وەک لە سەرەوە باسمان کرد.
رووداو: ماوەیەک پێش ئێستا، سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا فەرمووی: "داهاتووی سووریا دەبێت گەلی سووریا بڕیاری لێبدات، بەڵام من فیدراڵی بە سیستەمێکی گونجاو دەبینم بۆ سووریا و بۆ کورد لە سووریا." ئێوە چۆن دەڕواننە سیستەمێکی فیدراڵی لە سووریا کە یەکپارچەیی بپارێزێت و بەشداریی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان مسۆگەر بکات؟
حیکمەت هەجەری: ئێمە قسەی خۆمان لەم بارەیەوە کردووە. پرسیارتان لەبارەی ناناوەندی کرد و وەڵاممان دانەوە کە جەختی لەسەر دەکەینەوە. ئەمە روانگەی هەمووانە و کۆدەنگیی سیاسی و پسپۆڕانیشە کە جیاوازی دەکەن لە نێوان فیدراڵی و ناناوەندیدا و دووەمیان بە باشتر دەزانن. لە کۆتاییدا، پسپۆڕانی پێکهاتەکانی نیشتمان، بەپێی کەتوار [واقیع] و سروشتی وڵات، ئەوانن کە دەبینن و کۆک دەبن و دیاری دەکەن، ئێمەش لەگەڵ ئەو ڕا دروست و پاساوهێنراوەداین لەم لایەنە وردانەدا، کە وردەکاریی وەڵامەکەی بۆ پسپۆڕان جێدەهێڵین.
رووداو: چۆن دەڕواننە مافەکانی کورد لە کوردستانی سووریا، وەک دووەم گەورەترین نەتەوە لە سووریا کە لەسەر خاکی مێژوویی خۆی دەژی و زیاتر لە 12 هەزار شەهیدی لە شەڕی داعش داوە؟
حیکمەت هەجەری: برا کوردەکان یەکێکن لە پێکهاتە و رەنگەکانی گەلی سووریا کە لە وەڵامەکانی پێشووماندا باسمان کردن. ئەوان شەهیدیان داوە وەک چۆن باقی سوورییەکانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان وەک پێکهاتەیەک و لە بەرگریکردن لە ماف و خاک و کەرامەت و بژێویی ژیانیان داویانە. رەحمەت لە شەهیدان دەکەین و رێز لە دڵسۆزی و هەڵبژاردنیان بۆ نیشتمانی دایک، سووریا، دەگرین کە بە خۆشەویستی و تەبایی کۆماندەکاتەوە.
رووداو: ئایا راستە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشنیازیان بۆ کردوون ناوی بارمتە دروزەکانتان پێبدەن بۆ ئەوەی لە کاتی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکاندا پێشکەشی داعشی بکەن و لە بەرامبەردا دیلە داعشەکانی لای خۆیان ئازاد بکەن؟
حیکمەت هەجەری: ئەوە لە کاتی هەوڵی داعش بۆ داگیرکردنی گوندەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە بوو لە ساڵی 2018، ئەو کاتە کۆمەڵێک لە ژنە ئازا و رۆڵەکانمان رفێندران. دەستپێشخەریی برا کوردەکان بەڕاستی ئەوە بوو کە ئەم پێشنیاز و قوربانیدانەیان خستەڕوو بۆ رزگارکردنی کوڕ و کچەکانمان لە دەستی داعشە رفێنەرەکان. ئێمە نامەیەکی سوپاس و پێزانینمان بۆ ناردن، ئەمڕۆش هەمان پێزانینیان ئاراستە دەکەین بۆ کارە جوان و پیاوەتییەکەیان کە بەڵگەی راستگۆیی و برایەتییانە.
رووداو: ئیسرائیل هەمیشە باس لەوە دەکات کە پێویستە پارێزگاری لە ماف و ئاسایشی دروزەکان بکرێت و هەروەها باس لە ئاسایش و مافی کوردیش دەکات لە سووریا. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل؟
حیکمەت هەجەری: هیچ کەسێک جیاوازیی نییە لەسەر پێدانی ماف بە خاوەنەکانی. هەرکەسێک هەنگاوێک بەرەو ئێمە بێت، ئێمەش هەنگاوێکی بەرەو ئەو دەچین. ئەوانیش ئێستا دیدار و دانوستاندن لەگەڵ سەرکردایەتیی کاتیی سووریادا دەکەن و دانپێدانانیان لێ وەردەگرن... کەواتە وەڵامەکە روونە و لە گێڕانەوەی رووداوەکاندا دەخوێنرێتەوە. هەموو وڵاتان و گەلانی جیهان داوای ماف و ئاسایشمان دەکەن وەک گەلێک.
رووداو: چۆن دەکرێت پەیوەندییەکی هەمیشەیی و فراوان لەگەڵ کورد بنیات بنرێت؟
حیکمەت هەجەری: بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان دروز و کورد شتێکی نوێ نییە و لە پرسیارێکی پێشوودا باسم کرد. خەم و ئازارەکانمان هاوبەشن. کاتێک مێژووی باپیران کۆمان بکاتەوە، داهاتووی نەوەکانیش کۆمان دەکاتەوە. ئێمەش تەنیا پارێزەری ئەم پەیوەندییە باشەین.
رووداو: وەک دەزانن، بنەماڵەی کەمال جونبوڵات کوردن، ئایا دروزەکان رەچەڵەکی کوردیان هەیە؟
حیکمەت هەجەری: ئێوە باسی بنەماڵە بەڕێزەکەی جونبوڵات دەکەن. رەنگە هاوڕێیەتی و خەم و نەهامەتییەکان ئێمەیان لەگەڵ برا کوردە بەڕێزەکانمان کۆکردبێتەوە، بەڵام مێژوو دەڵێت کە دروزەکان، کە لە بەنی مەعرووفن، مێژوویەکیان هەیە وەک هۆزە عەرەبە دێرینەکان کە لە یەمەن و نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە هاتوون، هاوەڵی پێغەمبەری مەزن بوون و لە دەوری هاوەڵی بەڕێز سەلمانی فارسی بوون. هەموو رێزێکمان بۆ ئێوە و بۆ مێژووەکەتان هەیە کە شانازیی پێوە دەکەن، ئێمەش بە هەموو وردەکارییەکانییەوە رێزی لێ دەگرین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ