گالەری

11-10-2025
1 Photos
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکى نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند، پرسی رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزوور بە حکومەتی سووریا، لە کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدى و ئەحمەد شەرعدا باس نەکراوە.
 
ئەمڕۆ میدیاکانی سووریا بڵاویان کردبووەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا، رێککەوتنێک لەسەر رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزور کراوە. 
 
بەگوێرەی میدیاکانی سووریا، رێککەوتنەکە بەمشێوەیە بووە کە هەسەدە بەرهەمی نەوتی ئەو ناوچەیە رادەستی حکومەت بکات و تەنیا رێژەیەکى کەمى بۆ بازاڕ بێت، بەڵام سەرچاوەیەکى نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوى راگەیاند، ئەمە دوورە لە راستی و گوتى، "سامانی سووریا مافی هەموو سووریایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرسە باس نەکراوە."
 
سەرچاوەکە بە رووداوی گوت، ئەو پرسانەی گفتوگۆیان لەسەر کراوە بریتی بوون لە بەشداریکردنی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایش لە دامەزراوەیەکی نیشتمانیدا، کە خزمەتی پاراستنی سووریاییەکان بکات، هەروەها راگرتنی شەڕ لە حەلەب و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، گۆڕینی دەستوور، گەڕانەوەی ئاوارە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.