رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای مانگی ئاداری 2025، شەڕ و کوشتار پارێزگای لازقیە و ناوچە کەناراوییەکانی دیکەی سووریا لەنێوان چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا و ژمارەیەک پاشماوەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد روویدا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، سەرووی 1,500 کەس کوژراون، بەڵام پارێزگاری لازقیە دەڵێت: ئەو ژمارەیە بەو جۆرە نییە کە بڵاوکراوەتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ زانا کایانی، پێشکێشکاری رووداو، محەممەد عوسمان، پارێزگاری لازقیە رایگەیاند، "لە ئامارەکاندا زێدەڕۆیی زۆر هەیە، ژمارەکە بەو جۆرە نییە کە بڵاوکرایەوە. لەوانەیە زیاتر بێت لە 500 کوژراو لە هەموو تایفەکان، نەک تەنیا تایفەی عەلەوی. واتە کوشتار کراوە، پێشێلکاریی زۆر هەبووە لەلایەن هەندێک کەسەوە لە بواری کوشتندا".
کاتێک رووداو لێی دەپرسێت، ئایا هیچ کەسێک نەبووە لە چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا کە پێشێلکاری و رەشەکوژی بکات؟ پارێزگاری لازقیە گوتی، "بەڵێ، بەڵێ، هەندێک پێشێلکاری لەلایەن هەندێک کەسەوە هەبووە، چەند حاڵەتێکمان بەسەرکردنەوە و ژمارەیەک دەستگیر کران و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد عوسمان، پارێزگاری لازقیە:
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێکدادان لە چەند ناوچەیەکی لازقیەی سووریا دروست بوو، کوژران و برینداری لێکەوتەوە. رووداوەکان بێ کاردانەوە نەبوون. لەو رووداوانەی کە روویان دا، ئامار و لێدوانی جیاواز دەگوترێت، لەسەر ئەو رووداوانە گفتوگۆیەک لەگەڵ بەڕێز محەممەد عوسمان، پارێزگاری لازقیە دەکەم. بەڕێز محەممەد، سڵاو. ئەم کاتەت باش. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. با سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەین، رووداوەکانی ناوچەی کەناراوەکان چۆن دەستیان پێکرد؟ چۆن روویاندا؟
محەممەد عوسمان: لەکاتێکدا کە یەکێک لە گەشتەکانی ئاسایشی گشتی لە گوندەکانی جەبلە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکرد، کەوتنە بۆسەیەکی پاشماوەکانی رژێمی تاوانبارەوە، دوو ئەندامی ئاسایشی گشتی کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. پاشان گەمارۆ دران. هاوکات لەگەڵ ئەوە پاشماوەکانی رژێمی تاوانبار لەسەر رێگا سەرەکییەکانی نێوان تەرتووس-لازقیە و تەرتووس-لازقیە-ئیدلب بڵاوبوونەوە. رێگاکان داخران و بۆسە دانرا و چەکدارانی پاشماوەکانی رژێم بڵاوکرانەوە. پاشان هێزی پشتیوان لە وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتییەوە هێنران و گەمارۆی سەر ناوەندە ئەمنییەکانی ناوچەکە هەڵگیرا. دەست بە کێوماڵی ناوچەکە کرا بۆ دەستگیرکردنی پاشماوەکانی رژێمی تاوانبار و ژمارەیەکیان دەستگیرکران، هەندێکی دیکەشیان بۆ چیا و دۆڵەکانی پارێزگای لازقیە هەڵاتن.
رووداو: بەڵێ، بەڕێز محەممەد، ئێستا لەدوای ئەم چەند رۆژە، بارودۆخی پارێزگای لازقیە چۆنە؟
محەممەد عوسمان: سوپاس بۆ خودا. دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن وەزارەتی بەرگری و بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئاسایشی گشتی بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگاکە، دۆخەکە لە دوو رۆژی رابردووەوە بەشێوەیەکی هێواش هێواش لە شاری لازقیە و شارەکانی دیکە و لە ناوچە گوندنشینەکان گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی. ئەمڕۆ جووڵە تاڕادەیەک ئاسایی بوو لە ناوچەکەدا، دوکانەکان کرانەوە، خەڵک لەسەر شەقامەکان دەردەکەون و بارودۆخەکە باشتر بووە، خزمەتگوزارییەکان بەرە بەرە دەگەڕێنەوە. بۆ نموونە نانەواخانەکان کاردەکەن، دوای چوار یان پێنج رۆژ لە نەبوونی ئاو و کارەبا بەهۆی تێکدانیان لەلایەن پاشماوەکانی رژێمی تاوانبارەوە، ئاو گەڕاوەتەوە، سوپاس بۆ خودا دۆخەکە باشتر دەبێت لە پێشوو.
رووداو: لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، ئایا ئێستا هەموو خزمەتگوزارییەک بەردەستە بۆ هاووڵاتییان؟ کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی دیکە؟
محەممەد عوسمان: کارەبا هێشتا ماویەتی... ئەمڕۆ سوپاس بۆ خودا کارەبا بۆ شاری جەبلە گەڕاوەتەوە. تیمەکان هێشتا کار دەکەن بۆ چاککردنەوەی هێڵی سەرەکی کارەبای پارێزگای لازقیە کە بەشێوەیەکی گەورە لەلایەن پاشماوەکانی رژێمی تاوانبار و یاخیبووانەوە تێکدرا. دوێنێ کارەبا لە بانیاسەوە گەیەندرایەوە جەبلە و سوپاس بۆ خودا توانیمان وێستگەی ئاوی "نەبعی سن" بخەینەوە کار و ئاو بۆ پارێزگای لازقیە بگەڕێنینەوە. ئەمڕۆ کارەبا تاوەکو جەبلە گەیەندراوە و سبەینێ پشت بە خودا لەوانەیە کارەبا لە جەبلەوە بگەیەنینە لازقیە و کارەبا بۆ تەواوی پارێزگاکە بگەڕێتەوە. سەبارەت بە ئاو، ئەمڕۆ لە شار و گوندەکانی دەوروبەر بەردەست بوو، پشت بەخودا چاکسازیی تەواوی تۆڕەکانی کارەبا و ئاو تەواو دەکەین.
رووداو: باست لەوە کرد کە ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە، واتە هیچ پشێوییەک بەگشتی لە لازقیە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نەماوە؟
محەممەد عوسمان: نا، سوپاس بۆ خودا. بە شێوەیەکی گشتی، بارودۆخی ئەمنی 90-95٪ جێگیر کراوە. هەندێک جار هێرشی بچووک لەلایەن ئەو پاشماوانەوە دەکرێ، چونکە هێشتا لە چیاکانی دەوروبەری پارێزگای لازقیەن، سرووشتی پارێزگاکەش ناوچەیەکی شاخاوییە و رێگە بەو پاشماوانە دەدات هەڵبێن و خۆیان بشارنەوە، ناوچەیەکی سەخت و دژوارە. بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئاسایش لە پارێزگای لازقیە و بەهێزکردنی خاڵە سەرەکییەکان لە ناوچەکە جووڵەیان سەختتر دەکات و بە خواست و یارمەتی خودا بەردەوام دەبین تا بە تەواوی لەنێویان دەبەین.
رووداو: باسێکی رووداوەکان بکەین، بەڕێز محەممەد. شایەتی و هەندێک ڤیدیۆمان بینی سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل لەنێو ماڵەکانیان و گوندەکانیان. بەپێی ئاماری رێکخراوەکانیش، کوشتنی 1700 عەلەوی، یان ئەوەی کە باس دەکرێت لە ناوچەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریاوە تۆمار کراوە. ئایا ئامارێکتان هەیە لەسەر ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون؟
محەممەد عوسمان: برای بەڕێزم، لە ئامارەکاندا زێدەڕۆیی زۆر هەیە، ژمارەکە بەو جۆرە نییە کە بڵاوکرایەوە. لەوانەیە زیاتر بێت لە 500 کوژراو لە هەموو تایفەکان، نەک تەنیا تایفەی عەلەوی. واتە کوشتار کراوە، پێشێلکاریی زۆر هەبووە لەلایەن هەندێک کەسەوە لە مەسەلەی کوشتندا. تەنانەت ئێمە لە سەردانەکانی دوێنێمان بۆ هەندێک گوند و شارۆچکەی ناوچەی جەبلە و ئەمڕۆش سەردانی هەندێک گەڕەکی شاری لازقیە و ناوچەی جەبلەمان کرد، زۆر لە دانیشتووان باسی ئەوەیان کرد کە پاشماوەکانی رژێمی تاوانبار لە کاتی کشانەوەیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، دوای هاتنی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی، کۆمەڵکوژییان کردووە و ژمارەیەکی زۆر مەدەنییان کوشتووە، جلی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان لەبەربووە و هەڵمەتی کوشتنی سیستماتیکیان بەو جلانەوە ئەنجامداوە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە سەر بە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و هێزەکانی وەزارەتی بەرگرین. ئەم شایەتییانەمان راستەوخۆ لە خەڵکی پارێزگای لازقیە و بەتایبەتی لە گوندەکانی جەبلە وەرگرت.
رووداو: یانی ئەو کوشتارانەی کە روویاندا، ئەو رووداوانەی کە روویاندا، هیچیان لەلایەن بەشێک لەو چەکدارانەوە نەبوون کە سەر بە حکومەتی سووریان؟
محەممەد عوسمان: بەڵێ، بەڵێ، هەندێک پێشێلکاری لەلایەن هەندێک کەسەوە هەبووە، چەند حاڵەتێکمان بەسەرکردنەوە و ژمارەیەک دەستگیر کران و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.
رووداو: ژمارەیان چەندە؟
محەممەد عوسمان: ئەوانەی دەستگیرکراون زیاتر لە 10 کەسن هەتا ئەمڕۆ. لەلایەن پۆلیسی سەربازییەوە دەستگیر کراون و پۆلیسی سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هێشتا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە سەلماوە پێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ئاسایشی گشتی رەفتاریان کردووە.
رووداو: ئەوەی کە باس دەکرێت، دەگوترێت ئەمانە سەربە بەشێک لە گرووپە جیاوازەکانن کە هەر سەربە حکوومەتن. ئەو کەسانەی کە ئاماژەت پێ دان، دەستگیر کراون، سەربە کام گرووپەن؟ دەستنیشان کراوە؟
محەممەد عوسمان: گرووپە چەکدارەکان، بەشێکیان سەر بە... ئێستا شتێک بە ناوی گرووپی چەکدار نەماوە. هێزگەلێک هەن لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدان و هێزگەلێکیش هەن لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا نین. ڕاستیەکەی هەندێک هێز یان ڕێکخراو کە لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا نەبوون، لە پارێزگای لازقیە بوون و ژمارەیەک سەرپێچی و پێشێلکارییان لە ماوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەدا کردووە. ئەو پێشێلکارییانەش بۆیە روویاندا، چونکە ژمارەیەکی یەکجار زۆری چەکدار گەیشتنە پارێزگای لازقیە دوای بینینی ئەو دیمەنانەی کە لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەوە لە کوشتنی کارمەندانی ئاسایشی گشتی یان گەمارۆدانیان.
لە پارێزگاکانی نزیکی لازقیە دنەدانێکی جەماوەریی گەورە هەبوو، ئەو هێزانە یان ئەو کەسانە کە هاتن، هەندێکیان خەڵکی مەدەنی بوون و سەر بە هیچ لایەنێک نەبوون، ئەو پێشێلکارییانە لەلایەن هەندێک لەوانەوە کراون. ئێمە لە سەرەتاوە ناوچەکەمان گەمارۆ دا و ئەو گرووپانەی لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیدا نەبوون، لە پارێزگای لازقیە دەرکران بۆئەوەی ئەو پێشێلکارییانە کۆنترۆڵ بکەین. سوپاس بۆ خودا ئێستا بارودۆخەکە بە شێوەیەکی زۆر باش سەقامگیر بووە و بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەکەین کە لەلایەن هەندێک کەسەوە کراون. لەگەڵ ئەوەش، پشتیوان بە خودا لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە بەدواداچوونی ئەو ڕێکارانە و وردبینی و لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە سەرپێچی رێنماییەکانی وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیان کردووە.
رووداو: بەڕێز محەممەد، سەبارەت بە کریستیانەکان، باس لەوە دەکرێ کە چوار کەسی سڤیل لە کریستیانەکان کوژراون. ئێوە هیچ داتایەک، ئامارێکتان لەبەردەستە؟
محەممەد عوسمان: بەپێی ئەو ئامارانەی گەیشتوونەتە ئێمە، چوار یان شەش کەس لە کریستیانەکان کوژراون، هەروەها کەسانێک لە تایفەی سوننە و کەسانێک لە تایفەی مورشیدیش کوژراون. کاتێک ئاژاوە لە هەندێک ناوچە بڵاوبووەوە، ئەو پێشێلکارییانە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری خەڵکەوە کراون کە وەکو پێشتر گوتم، لە شوێنانی دیکەوە گەیشتبوونە پارێزگای لازقیە. هەر لە سەرەتای گەیشتنی ئەوانەوە، پێشێلکاری لەلایەن چەند کەسێکەوە کرابوون کە سەر بە لایەنی فەرمی و لایەنی نافەرمیش بوونە. کوشتنی خەڵکیش بەشێوەیەکی سیستماتیکی تایفی نەبووە، بەڵام پێشێلکاریی گەورە کراون. سوننە و عەلەوی و مەسیحی کوژران، کەواتە چەندین پێشێلکاری هەر لە سەرەتای هاتنی ئەو گرووپانەوە بۆ پارێزگای لازقیە روویانداوە.
رووداو: بەڕێز محەممەد، ئەو هێزانەی کە سەرپەرشتیی دۆخی ناوچەی کەناراوی سووریا دەکەن، سەر بە کامانەن؟
محەممەد عوسمان: ئێستا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی بەرپرسیارن لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی ئەمنیی پارێزگاکانی سووریا بەگشتی، لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ. هێزەکانی وەزارەتی بەرگریش لە بنکەکانیاندان لە نزیک ئەو هێزانە و ئەگەر کێشەیەک رووبدات پێویستی بە وەزارەتی بەرگری هەبێت، ئەوا هەرکاتێک داوایان لێبکرێ ئامادەن.
رووداو: بەڵێ، باسی دۆخی خەڵک بکەین. ئێستا هەژاری لە کەناراوی سووریا بڵاوە، بەجۆرێک کە چاودێرانی رۆژئاوایی دەڵێن چەندین خێزان هەن کە پارەیان نییە تەنانەت بۆ کڕینی نان. ئایا پلانێکی خێراتان هەیە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ هەژاران و لێقەوماوان لە ناوچەکە؟
محەممەد عوسمان: بەڵێ برای بەڕێزم، لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پارێزگای لازقیە، بە هاوکاریی هەندێک کۆمەڵە و ڕێکخراو، دەستمان کردووە بە دابینکردنی نان و هەندێک ژەمی خۆراک بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی کێشە و پێشێلکارییان تێدا بووە و گۆڕەپانی چالاکیی سەربازی ڕژێمی تاوانبار بوون. دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ ئەو گوند و شارۆچکانە، رێنمایی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە بۆ بەدواداچوونی پێشکەشکردنی هاوکاریی خێرا بۆیان تا ڕێکخستنی هاوکاریی بەردەوام و هەمیشەیی بۆیان لە رۆژانی داهاتوودا.
رووداو: لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانە، هاوکاریی تەندروستی گەیەنراوەتە ئەو شوێنە؟ پێداویستیی تەندروستی هەیە؟
محەممەد عوسمان: لە یەکەم ڕۆژەوە، نەخۆشخانەکانی پارێزگای لازقیە خزمەتگوزاری تەواو پێشکەش دەکەن. لە ماوەی ٢٤ کاژێری یەکەمدا کە پاشماوەکانی ڕژێمی تاوانبار دەستیان بەسەر ڕێگا سەرەکییەکاندا گرتبوو، هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەکانی پارێزگای لازقیە: نەخۆشخانەی زانکۆ، نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شاری لازقیە و نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شاری جەبلە. هێرشیان کردە سەر ئەو نەخۆشخانانە و دەستڕێژیان کرد و پێکدادان لەگەڵ هەندێک لەو هێزانە روویدا کە لەوێ بوون و هەوڵیان دەدا نەخۆشخانەکان بپارێزن. دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتییەوە، ئەو نەخۆشخانانە بە تەواوی پارێزراون و کادیری پزیشکی و پێداویستی و کەرەستەی پزیشکی تەواویان بۆ دابین کراوە، ئێستاش ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە بەجێ دەگەیەنن.
رووداو: سەبارەت بە پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئایا هیچ گرفتێک هەیە؟
محەممەد عوسمان: بۆ پاراستنی گیانی خوێندکارانمان لە قوتابخانە و زانکۆکان، تاقیکردنەوەکان لە زانکۆی لازقیە دواخران. هەروەها دەوام بۆ ماوەی ٤٨ کاژێر ڕاگیرا تا سەقامگیرکردنەوەی بارودۆخی ئەمنی بە تەواوی، چونکە هاتوچۆ لە نێوان گوندەکان و شاردا هەیە، بۆ ئەوەی کێشە ڕوونەدات و گیانی خوێندکارانمان لە قوتابخانە و زانکۆکان بپارێزین.
رووداو: بەڕێز محەممەد عوسمان، پارێزگاری لازقیە، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. خۆشحاڵ بووم کە گفتوگۆم لەگەڵ بەڕێزتان کرد.
محەممەد عوسمان: سوپاستان دەکەم، بەخێر بێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ