رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا بە شێوەزاری کوردیی کرمانجی پەیامێکی ئاراستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد.
لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، کورد "ستوونێکی رەسەن"ی سووریان و "هێزی سووریا لە یەکگرتندایە."
شەیبانی سەرەتا پۆستەکەی بە عەرەبی کردووە و دواتر دەقەکەی بە کرمانجی بۆ پۆستەکە زیاد کردووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، کرمانجییەکە لەڕووی زمانەوانییەوە رەوان نییە و زیاتر لە وەرگێڕانی وشە بۆ وشەی کۆمپیوتەرەوە نزیکە، بەو پێیەی کە لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەدا یەکناگرنەوە.
لە پەیامە بنەڕەتییەکەیدا شەیبانی دەڵێت، "هەمیشە ناسنامەی سووری کۆکەرەوەی هەموو رۆڵەکانی بووە. برایانی کوردیش ستوونێکی سەرەکیی ئەم نیشتمانەن. ئەوان لە ئێمەن و ئێمەش لەوانین. داهاتووشمان یەکە و لێکجیاناکرێتەوە."
شەیبانی هەروەها دەڵێت، "هێزی سووریا لە یەکگرتنی گەلەکەیدایە. بە یەکگرتوویی خۆمان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە، بۆئەوەی نیشتمانێکی ئازاد دروست بکەین تاوەکو ببێتە شوێنی هەموو خەون و ئاواتەکانمان."
پەیامەکە دوای ئەوە هات کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا فەرمانێکی واژۆ کرد بۆئەوەی دان بە ژمارەیەک مافی گەلی کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا بنێت، لەوانەش ناساندنی زمانی کوردی وەکو "زمانی نیشتمانی"، رێگەدان بە خوێندن بە زمانی کوردی لەو ناوچانەی "رێژەیەکی بەرچاو"ی کوردیان تێدایە، هەروەها دیاریکردنی نەورۆز لە 21ی ئادار وەکو پشوویەکی سەرتاسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ