رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا رایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نێو سوپای وڵاتەکەی تەواو بووە و ئەمەش بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ سەقامگیریی سووریا وەسف دەکات.
ئەحمەد شەرع، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو، گوتی: "ئەو گرووپە شۆڕشگێڕانەی پێشتر پارچەپارچە بوون، ئێستا یەکگرتوون. پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە کۆتایی هاتووە و ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ داهاتووی سووریا."
سەبارەت بە رۆڵی تورکیا، سەرۆککۆماری سووریا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی و تورکیا پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵیان هەیە. گوتیشی: "رزگارکردنی سووریا لە رژێمی کۆن دەرفەتێکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رەخساند. تورکیا بۆ ماوەی 14 ساڵ بەردەوام پاڵپشتیی شۆڕشی سووریای کرد، لە کاتێکدا رژێمی پێشوو سووریای لە جیهان دابڕاندبوو."
ئەحمەد شەرع باسی لە پێگەی جوگرافیی سووریا کرد و رایگەیاند، دەیانەوێت وڵاتەکەیان ببێتە رێڕەوێکی ئارام و جێگرەوە بۆ گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی گواستنەوەی وزەی وڵاتانی کەنداو بۆ تورکیا. راشیگەیاند، بەپێی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا، ئێستا نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی سووریاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەرع باسی لە کێشەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئامانجی ئێمە ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام ئیسرائیل هێرشی دڕندانەی کردووەتە سەرمان و بەشێک لە خاکەکەمان کە بەرزاییەکانی گۆلانە، داگیرکراوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە دیمەشق دیپلۆماسیی هەڵبژاردووە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و پابەندی رێککەوتننامە ئەمنییەکانە، بەڵام مانەوەی ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا پڕۆسەی دانوستاندنی قورس کردووە.
ئەحمەد شەرع، ئێستا بە مەبەستی بەشداریکردن لە پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە تورکیایە و بڕیارە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ