رووادو دیجیتاڵ
لە یەکشەممەی رابردووەوە شەڕی نێوخۆیی لە شاری سوەیدا و دەوروبەری لۆە سووریا هەڵگیرسا، هەرچەندە ئەمڕۆ کە پێنجەمین رۆژە، دۆخە ئارامترە، بەڵام ناوەناوە شەڕ و کوشتار دەبێت. بەپێی دوایین راپۆرتی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئەمڕۆ 516 کەس کوژراون، کە لەنێویاندا ژن و منداڵیش هەن، هەروەها 15 ئەندامی هێزە ئەمنیەکانیش لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
روانگەی سووری: ژن و منداڵ بە بەرچاوی خەڵکەوە گولـلەباران کراون
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە سەرەتای شەڕەکەوە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات، لە راپۆرتێکیدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە دەڵێت: گرتەیەکی ڤیدیۆیی و وێنەی دەستکەوتووە کە لەسێدارەدانی مەیدانیی سێ هاووڵاتیی سڤیل لە هۆزە دەشتەکییەکان (بەدەوی) نیشان دەدات، کە منداڵێک و ژنێکیان تێدایە و لە بارودۆخێکی “"دڕندانەدا" لەلایەن گرووپە چەکدارە خۆجێییە دروزەکانەوە کوژراون.
روانگەی سووری دەڵێت: شەڕ و گرژییە تائیفییەکان زیادیان کردووە و هاووڵاتییانی سڤیل داوای پاراستن دەکەن لە ترسی تۆڵە سەندنەوە و پێشێلکاری، بە تایبەتی لە گەڕەکی مەقەوس لە سوەیدا.
دروزەکان تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ مۆڵەتیان داوەتە دەشتەکییەکان بۆ جێهێشتنی سوەیدا
زۆرینەی دانیشتووانی شاری سوەیدا لە باشووری سووریا، دروزین. بەڵام گەڕەکی مەقەوسی ئەو شارە زۆربەیان عەرەبە خێڵەکییە دەشتەکییەکانن کە بە (بەدەوی) ناسراون.
دروزەکان، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ مۆڵەتیان داوەتە بەدەوییەکان بۆ جێهێشتنی گەڕەکی مەقەوس.
ژمارەی کوژراوان لە زیادبوونن
بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە قسەی بۆ رووداو کردووە، 54 ئەندامی وەزارەتی بەرگری لە پێکدادانەکانی رۆژانی رابردوودا کوژراون، هاوکات 43 هاووڵاتیی سڤیل لە خەڵکی تایفەی درووز لە سوەیدا کوژراون.
هەروەها 56 هاووڵاتی دروز بە شێوەی مەیدانی و راستەوخۆ گولـلەباران کراون و کوژراون، تەرمەکانیان لە شەقام و گەڕەکەکاندا کەوتووە.
کۆی گشتیی کوژراوان لە بەیانیی یەکشەممە، 13ی تەممووزەوە، بەهۆی پێکدادانەکان، لەسێدارەدانی مەیدانی و بۆردوومانی ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتە 516 کوژراو، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
• 150 کەس لە خەڵکی پارێزگای سوەیدا، کە 71 کەسیان هاووڵاتیی سڤیلن، لەنێویاندا 4 منداڵ و 4 ژن.
• 261 ئەندامی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی، کە 18 کەسیان لە هۆزە دەشتەکییەکانن.
• 15 ئەندامی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
• 3 کەس، لەنێویاندا ژنێک و دوو کەسی نەناسراو، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری کوژراون.
• 1 رۆژنامەنووس لە کاتی پێکدادانەکاندا لە سوەیدا کوژراوە.
• 83 کەس، لەنێویاندا 4 ژن و پیاوێکی بەساڵاچوو، کە بە شێوەی مەیدانی بە گولـلەی ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لەسێدارە دراون.
• 3 کەس لە هۆزە بەدەوییەکان، لەنێویاندا ژنێک و منداڵێک، کە بە شێوەی مەیدانی لەلایەن چەکدارە دروزەکانەوە لەسێدارە دراون.
دروزەکان لە سوەیدا بەدەوییەکانیان گەمارۆداوە
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە ئاوارەبوونی بەرفراوانی بەدەوییەکان کردووە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سوەیدا و هۆشداری داوە لەوەی ئەم خێزانانە رووبەڕووی پێشێلکاری یان دەستدرێژی ببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاوارەبوونەکە چەندین ناوچە و گەڕەکی گرتووەتەوە کە ئەم خێزانانەی تێدا نیشتەجێن. بەپێی راپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، چەکدارە خۆجێیە دروزەکان، گەمارۆی ئەو گەڕەکانەیان داوە کە هاووڵاتییانی هۆزە بەدەوییەکانی تێدا نیشتەجێن. لە دیارترین ئەو ناوچانە: مەقەوس، سەهوە بیلاتە، مەشوەرەب، زەیتونە، حەرووبی، شەقراوییە، برقەشە، مەنسوورە، نبع عەرا و مەزرەعە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە هەر ئامانجگرتنێکی بەکۆمەڵ یان سیستماتیکی هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی، هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر یەکڕیزیی کۆمەڵگەی سووریا و ئەگەری دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوە زیاد دەکات.
دروزەکانی سوەیدا داوای پشتیوانی لە کورد دەکەن
سەرۆکایەتیی رۆحیی موسڵمانە یەکتاپەرستەکان (دروزەکان) رۆژی پێنجشەممە 17-07-2025، ماتەمینیی گشتی لە پارێزگاکە راگەیاند و سوێدای وەک "ناوچەیەکی کارەساتبار" ناساند.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی "ئازادیخوازانی سوێدا" کراوە و واژۆی سەرۆکایەتیی رووحیی دروزەکانی لەسەرە، سەرکۆنەی هێرشەکە کراوە و بە "هێرشێکی ترسنۆکانە" ناوی دەبات کە لەلایەن "رێکخراوێکی تیرۆریستیی تاوانکارەوە کراوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەوە نییە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی رۆحیی دروزەکان داوای، کردنەوەی رێگەکان بەرەو "برا کوردەکان" دەکات و رووی داواکارییەکەی ئاراستەی شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لەنێوان سوێدا و ئوردن.
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممەی رابردوو، لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە، ژمارەی رفێندراوان گەیشتووەتە 24 کەس.
هەمان رۆژ، رامی عەبدولڕەحمان گوتی، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی پشتیوانیی بۆ سوەیدا ناردووە کە چەکی جۆراوجۆریان پێیە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پشتیوانی ئەو بازگانە بکەن کە هێرشیان کراوەتە سەر.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا بازگەیان دانا، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرشیان کردە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان دانەوە.
بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی "سورە کەبیرە" کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ