رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە رایدەگەیێنێت، "نابێت لە سووریا باسی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی بکرێت" دەشڵێت، دەبێت رۆژهەڵاتی فوراتیش لە هەسەدە پاکبکرێتەوە و لەوێش نەمێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد.
باخچەلی لە گوتارەکەیدا هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان تۆمەتبار کرد.
سەرۆکی مەهەپە گوتی: "ئەوەی ورووژاندنەکانی هەسەدە و یەپەگە لە سووریا بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی 27ـی شوبات دەبینێت و نیشانی دەدات، خودی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکەیە."
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، باخچەلی ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا کرد و رایگەیاند: "هەسەدە لە رۆژئاوای سووریا دەرکراوە و ناچارکراون رێککەوتنێکی 14 خاڵی واژۆ بکەن."
باخچەلی گوتیشی: "رەققە و دێرەزوور لە داگیرکاری رزگارکران. هەسەدە و یەپەگە کە دژایەتیی رێککەوتنی 10ـی ئاداریان دەکرد، بە جووڵەیەکی گشتگیری گسکدان و بە زەبری هێز و چەک دەرکران."
دەوڵەت باخچەلی بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە شەڕەکانی دواییدا، عەشیرەتە عەرەبەکان شانبەشانی ئیدارەی دیمەشق "تێکۆشانێکی بێوێنەیان" دژی یەپەگە کردووە.
سەرۆکی مەهەپە گوتی: "خوشک و برا کوردەکانمان شتێکن و یەپەگە و هەسەدە شتێکی دیکەن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە سووریای نوێدا جگە لە پێکەوەژیان، هیچ گەڕان و داواکارییەکی دیکەی هۆزە عەرەبەکان، کوردەکان و تورکمانەکان بوونی نییە.
سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانیی داهاتووی سووریا، باخچەلی جەختی لە "یەکپارچەیی خاکی سووریا" کردەوە و رەتیکردەوە هیچ شێوازێکی لامەرکەزی قبووڵ بکرێت.
باخچەلی گوتی: "نابێت گفتوگۆ لەبارەی کۆنفیدراڵی، فیدراڵی و ئۆتۆنۆمییەوە بکرێت کە لەوانەیە چالاکییە تیرۆریستییەکان زیندوو بکەنەوە. دەبێت دڵنیایی بدرێت لەوەی کە گرنگترین خاڵی هاوبەش هاووڵاتیبوونی سووری دەبێت."
سەرۆکی مەهەپە هەڕەشەی لە بوونی هەسەدە لە ناوچەکانی دیکە کرد و گوتی: "نەک تەنیا لە رۆژئاوای فورات، پێویستە لە رۆژهەڵاتی فوراتیش رەگی تیرۆر وشک بکرێت و لە تیرۆر پاکبکرێتەوە."
دەقی گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی-سەرۆکی مەهەپە:
"ئاشکرایە کە هەسەدە و یەپەگە لەپێناو ئامانجەکانی تورکیای بێ تیرۆر و هەرێمی بێ تیرۆر زنجیرەیەک کردەی تیرۆرستی دەکەن و دژی بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئیمراڵی کاردەکەن. راستییەکەی، ئەوەی ورووژاندنەکانی هەسەدە و یەپەگە لە سووریا بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی 27ـی شوبات دەبینێت و نیشانی دەدات، خودی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکەیە. لە سووریا پێکهاتەیەکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت؛ کاتێک هەسەدە و یەپەگە تەنگیان پێهەڵچنرا و ئاڵای خۆبەدەستەوەدانیان هەڵکرد، ناچاربوون لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق رێککەوتنی ئاگربەست و یەکگرتنی تەواو کە لە 14 خاڵ پێکدێت واژۆ بکەن؛ ئەمە ئەنجامێکی زۆر مانادار و خێرە. لە سووریا، جگە لە پێکەوەژیان و ژیانی برایانە، هیچ گەڕان و داواکارییەکی دیکەی هۆزە عەرەبەکان، کوردەکان، تورکمانەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە بوونی نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ