رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا رایدەگەیێنێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پاسەوانیی کەمپی هۆلیان بەجێهێشتووە و رێگەیان بە دەستبەسەرکراوان داوە بچنە دەرەوە. هەسەدەش دەڵێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند لە دەوروبەری کەمپەکەدا هەیە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکە (سانا)ی راگەیاند، هەسەدە "پاسەوانیی کەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەکە بەجێهێشتووە، بەوەش دەرگایان بۆ دەستبەسەرکراوانی نێو کەمپەکە کردووەتەوە تاوەکو بچنە دەرەوە."
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای سووریا بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەچنە نێو ناوچەکە و دەست بە پاراستن و کۆنترۆڵکردنی دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای سووریا پەیامێکی ئاراستەی کورد کردووە و دەڵێت، "پابەندبوونی رەھای خۆمان بە پاراستنی گەلەکەمان لە کورد و پاراستنی ئاسایشیان دووپات دەکەینەوە."
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، "سوپا قەڵایەکە بۆ هەموو سوورییەکان و ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوە حکومییەکانە."
تاوەکو ئێستا هەسەدە هیچ لێدوانێکی لە بارەی چۆڵکردنی کەمپە نەداوە، بەڵام لە راگەیێندراوێکی بە پەلەدا رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند لە دەروربەری کەمپەکە هەیە، کە بە هەزاران کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە.
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانەوە مەترسی لەسەر کەمپی هۆل لە حەسەکە و کەمپی رۆژ لە دێرکا حەمکۆ دروستبووە."
هەردوو کەمپەکە ماڵباتی چەکدارانی داعشی تێدان و دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، کە هێزە ئەمریکییەکان پاراستنی کەمپەکانیان گرتبێتە ئەستۆ.
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، "گۆڕانکاری رووینەداوە، پێشتریش کەمپەکان ناوەوەیان لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوەشی لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پارێزراوە و ئێستاش هەروایە."
بە گوتەی شێخمووس ئەحمەد، "ئەو زیندانییانەی داعشیان تێدا بەند کراوە لەلایەن هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەپارێزرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ