ئەحمەد هیلالی بۆ رووداو: کۆبوونەوەی قامشلۆ بۆ یەکخستنی دامەزراوە دادییەکان بێ ئەنجام بوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
A+ A-
 
نالین حەسەن

ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنی (29ی کانوونی دووەمی 2026) لەگەڵ هەسەدە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند؛ ئەو کۆبوونەوەیەی لە قامشلۆ بۆ تاوتوێکردنی یەکخستنی دامەزراوە دادییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامدرا، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک.
 
هیلالی روونیکردەوە کە شاندی حکومەت پلانێکی کارکردنی پێشکەش کردووە، کە تێیدا وەزارەتی داد بارەگا دادییەکان وەردەگرێتەوەو دادوەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێگیر دەکرێن، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن ئەو کەسانەی لە کۆشکی دادی قامشلۆ بوون رەتکرایەوە.
 
هیلالی جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم نییە، کە دەقەکەی باس لە وەرگرتنی باڵەخانەکان لەلایەن حکومەت و یەکخستنی دامەزراوەکانی "هەسەدە" لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەکات، هەروەها جەختی لە پێویستی هەبوونی سیستمێکی دادیی یەکگرتوو لە سەرانسەری سووریادا کردەوە.
 
رووداو چەند پرسیارێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەممە 20ی نیسان بۆ ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنی (29ی کانوونی دووەمی 2026) لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە نووسین نارد، ئەویش هەر بە نووسین وەڵامی رووداوی دایەوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکە
 
رووداو: سەبارەت بەو هەواڵانەی دەڵێن کۆبوونەوەی قامشلۆ کە لە 20/4/2026 لە کۆشکی داد بەڕێوەچوو، هیچ ئەنجامێکی سەبارەت بە یەکخستنی دامەزراوە دادییەکانی نێوان حکومەت و بەڕێوەبەریی خۆسەر لێنەکەوتووەتەوە، کۆمێنتی ئێوە چییە؟
 
ئەحمەد هیلالی:  دوای دانیشتنێکی درێژخایەن لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە، ئەندازیار نوورەدین ئەحمەد و بە ئامادەبوونی کارگێڕان و دادوەرانی ئەنجوومەنەکانی داد و گوێگرتن لێیان، پێکەوە چووین بۆ ئەوەی وەرگرتنی کۆشکی دادی حەسەکە لەلایەن وەزارەتی دادەوە رابگەیەنین و داواکاری گشتیی کۆماریش داوای لە دادوەران کرد دەست بە دەوامی خۆیان بکەن. دوای ئەوەی کەشێکی ئەرێنیمان لە حەسەکە بینی، بەرەو شاری قامشلۆ بەڕێکەوتین و دووبارە لەگەڵ دادوەر و فەرمانبەرانی ئەنجوومەنەکانی داد لای هەسەدە کۆبووینەوە. داواکاری گشتیی کۆماری پلانی کارکردنی وەزارەتی دادی بۆ روونکردنەوە، کە پێکهاتبوو لە:
 
1- وەزارەتی داد کۆشکە دادییەکان وەربگرێتەوە بەگوێرەی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، کە دەڵێت دەبێت حکومەتی سووریا هەموو دامەزراوەکان وەربگرێتەوە.
 
2- وەرگرتنی لیستی ناوی فەرمانبەران و دادوەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ ئەوەی کار لەسەر جێگیرکردنیان لەناو دامەزراوەی دادیدا بکرێت بەپێی پسپۆڕی و لێهاتوویی زانستی و ئەو ئەزموونانەی پەیدایان کردووە، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای داواکاری بەردەواممان، تا ئێستا لیستەکانمان پێنەدراوە.
 
3- لەم ماوەیەدا، دادوەرەکان لەگەڵ دادوەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر دەستبەکار دەبن تا ئەو کاتەی دۆخی یاسایییان بەگوێرەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە سووریا یەکلا دەکرێتەوە.
 
رووداو: راستە شاندی حکومەت داوای رادەستکردنی تەواوەتیی دادگای قامشلۆ و هەڵوەشاندنەوەی دادوەریی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەری کردووە؟
 
ئەحمەد هیلالی:  ئێمە چەندین جار و بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بۆ هەموو فەرمانبەرانی "ئەنجوومەنەکانی داد"مان روونکردەوە، کە دەستبەرداری هیچ لێهاتووییەک نابین کە لای ئەوان هەبێت. هەروەها پێمان راگەیاندن کە دەکرێت بە شێوەیەکی ناوازە لە پەیمانگای باڵای دادوەری لە خولێکی تایبەتدا وەربگیرێن بۆ ئەوەی ئامادە بکرێن بۆ پلەی دادوەری و دەرچوونی مەرسوومە سەرۆکایەتییەکان بۆ دامەزراندنیان (چونکە دامەزراندن و لادانی دادوەر بە مەرسوومی کۆماری دەبێت بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری). هەروەها رێکخستنی کاروباری پارێزەران و ئاسانکاری بۆ ئەندامبوونیان لە سەندیکای پارێزەران. دوای ئەوەی پلانەکەمان خستە روو، سەرسام بووین بەوەی ئامادەبووانی کۆشکی داد بیرۆکەی رادەستکردنی باڵەخانەکە و گەڕانەوەی دادوەرەکان بۆ سەر کارەکانیان رەتکردەوە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی. هەندێک کەسایەتی یاسایی لای بەڕێوەبەریی خۆسەر هەوڵیاندا ئاستەنگەکان لابدەن و دەستێوەردانی ئەرێنی بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان لەلایەن بەشێکی دیکەوە رەتکرایەوە، کە سوور بوون لەسەر دواخستنی بابەتەکە بۆ کاتێکی نادیار.
 
رووداو: شاندی سەرۆکایەتی خشتەیەکی کاتیی روونی بۆ پرۆسەی یەکخستنەکە هەیە؟ قۆناغە سەرەکییەکانی چین؟
 
ئەحمەد هیلالی:  بەهۆی ئەو بارودۆخانەوە ناتوانین خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو دابنێین.
 
رووداو: ئایا مۆدێلێکی دادیی یەکگرتوو پەیڕەو دەکرێت، یان ئەگەری هێشتنەوەی هەندێک تایبەتمەندی ناوخۆیی هەیە؟
 
ئەحمەد هیلالی:  هیچ تایبەتمەندییەک لە وەزارەتی داددا نییە؛ وەزارەتی داد وەزارەتێکی سەروەرییە و قبوڵکراو نییە لە هەموو جوگرافیای سووریادا بە یەک شێواز نەبێت. تایبەتمەندی کولتووری و پەروەردەیی و رەچاوکردنی دامەزراندنی کەسانی لێهاتووی ناوچەکە پارێزراوە. یەک یاسا، یەک سوپا، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت؛ ئەمە ئەو سەقفەیە کە لەسەری رێککەوتووین.
 
رووداو: لە ئەگەری بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان، چ بەدیلێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی دادوەری لەو ناوچانەدا هەیە؟
 
ئەحمەد هیلالی: هیچ بەدیلێک نییە جگە لە رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، کە دەقەکەی باس لە وەرگرتنی باڵەخانەکان لەلایەن حکومەت و کارکردن بۆ یەکخستنی دامەزراوەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا دەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە