سووریا
ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریا لەنزیک ئاڵای وڵاتەکەیان بەسەر باڵەخانەیەکی حکومییەوە لە حەلەب. وێنە: REUTERS/Mahmoud Hassano
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئابووری و بازرگانیی سووریا رایدەگەیێنێت، حکومەتی سووریا هیوایەکی زۆری هەیە کە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا سزاکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی لەسەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێن، ئەمەش دوای ساڵانێکی زۆر لە گەمارۆی ئابووری، کە کاریگەریی قورسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە بەجێهێشتووە.
رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 محەممەد نیدال شەعار، وەزیری ئابووری و بازرگانیی سووریا لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی ئابووری لە لەندەن قسەی کرد و جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەکە پێویستی بە هەوڵی دیپلۆماسی و کاری زیاترە، "پێویستە هەندێک پاڵپشتی و لۆبی بکەین بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو رێگەیە، کە بە ئاراستەیەکی دروست دەستیپێکردووە."
ئەو وەزیرە سووریاییە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە هیواخوازین تاوەکو کۆتایی ساڵ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بگاتە بەردەم سەرۆک و واژۆی بکات."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئایاری رابردوودا، وەکو هەنگاوێکی دیار و دوای کۆبوونەوەی مێژوویی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، فەرمانی سەرەتایی بۆ هەڵگرتنی زۆربەی سزاکانی سەر دیمەشق دەرکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەربەستی سەرەکی لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم بڕیارەدا بریتییە لە مانەوەی "یاسای سێزار بۆ پاراستنی سڤیلی سووریا"ی ساڵی 2019، کە وەکو یاسایەکی فیدراڵیی ئەمریکی ماوەتەوەو هەڵوەشاندنەوەی پێویستی بە رێکارێکی یاسایی لە کۆنگرێس هەیە.
وەزیری ئابووری و بازرگانی سووریا باسی لەوەش کرد، بە هەڵگرتنی فەرمیی سزاکان، سووریا دەتوانێت قۆناخێکی نوێ لە بووژانەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە دەستپێبکات، "هەر کە ئەوە روویدا، ئێمە لە سزا ئازاد دەبین و دەرگای وەبەرهێنان و بازرگانیی نێودەوڵەتی بە رووماندا دەکرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ئابووریی سووریا پلانی حکومەتەکەی بۆ چاکسازیی ئابووری ئاشکرا کرد و رایگەیاند، حکومەت پلانی هەیە رەنگە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دراوێکی نوێ بخاتەڕوو بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی بەهای لیرەی سووری. هەروەها گوتیشی، "راوێژ لەگەڵ چەندین لایەن، رێکخراوی نێودەوڵەتی و شارەزایانی بواری دارایی دەکەین و پێشبینی دەکەین ئەم هەنگاوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بێتەدی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ