رووداو دیجیتاڵ
ئەو دۆخە نوێیەی بە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا هاتەپێش، ئێستا لە ژێر هەڕەشەی ئاڵنگارییە مرۆیی و ئەمنییەکانە.
نەجات روشدی، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دەڵێت، "دوای پێنج دەیە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و 14 ساڵ لە جەنگی نێوخۆیی، ئێستا سووریا چاوی لە دامەزراندنی سەردەمێکی نوێیە؛ بەڵام ئاڵنگارییە مرۆییەکان هێندە گەورەن پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان قورستر دەکەن لە ئاست هاوکاریکردنی سووریاییەکان بۆ گەڕانەوە و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان. سەختی دۆخی مرۆیی سووریا، هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسی وڵات دەکات".
لە مانگی دوانزەی پارەوە، ملیۆنێک پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵات، هێشتا سەروو 6 ملیۆنیان لە دەرەوەن.
حەوت ملیۆن ئاوارەش هەن، کەمتر لە 2 ملیۆنیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، بەڵام لە دۆخێكی سەختی تاقەتپڕووکێنەر دان.
عەبدوڵڵا ئەحمەد، هاووڵاتیی سووریایە و باس لەوە دەکات، "رووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبینەوە لە قوتابخانەکان. بەڵام کێشەکە تەنیا ئەوە نییە، بەڵکو قەیرانی سووریا زۆر گەورەترە لەوەی بیری لێ دەکرێتەوە. سەرخان و ژێرخانی وڵات وێران بووە".
بە گوتەی هەندێ ناوەندی لێکۆڵینەوە، 53%ـی سەرخان و ژێرخانی سووریا، وێران بووە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی بانکی جیهانیش، 216 ملیار دۆلار پێویستە بۆ بنیاتنانەوە. ئەمە جگە لە قەیرانی سیاسی.
وەلید خەدام، هاووڵاتیی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "سەبارەت بە خۆم، بژێویم قورس بووە. تێدەکۆشم بۆ دابینکردنی نانی منداڵەکانم، حکومەتی نوێ لەگەڵ ئەو هەموو کێشە ئەمنی و سیاسییانە چۆن و کەی دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانی ئابووری بهێنێت؟".
کە باس لە ئەمنییەت دەکرێت، ناوچەی "کەناراوی"ی زۆرینە عەلەوی و پێکدادان و کوشتن و تووندوتیژی و پێشێلکارییەکانی سەر دەستی چەکدارانی حکومەتی شەرع دێتە بەرباس.
هەروەها باس لە ئیسرائیل و کۆنترۆڵکردنی گۆلان و پاڵپشتییەکانی بۆ بەشێك لە دروزەکانی سوێدا دەکرێت.
لە نوێترین هەنگاویدا کە وەک تەحەدایەک بۆ دەسەڵاتیی نوێی سووریا دادەنرێت؛ بنیامین نەتانیاهوو؛ سەردانی ئەو ناوچە نوێیانەی سووریای کرد کە سوپای ئیسرائیل لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد کۆنترۆڵی کردوون و خستیەسەر ناوچەکانی دیکەی بەرزاییەکانی گۆلان.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "گرنگییەکی زۆر بە توانا سەربازی و بەرگرییەکانمان دەدەین لە ناوچەی گۆلان تاوەکو ئیسرائیل و درووزی هاوپەیمانمان بپارێزین".
رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، گرێیەکی قورسە کە رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان عەبدی و شەرعی گەیاندووەتە قەیرانێكی نیمچە چەقبەستوو.
سەردانەکەی شەرع بۆ مۆسکۆ بە پێشنیازی تورکیا و پاشان بۆ واشنتن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە و ریاز، هەوڵێكی دیمەشقە بۆ وەرگرتنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی کە بتوانێت لەگەڵیدا، دەسەڵاتی سیاسی خۆی وەک حکومەتێكی ناوەند بەسەر هەموو سووریا بچەسپێنێت و لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکەی دەربازی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ