رووداو - هەولێر
ئێوارەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (سێشەممە، 21-8-2018) بۆمبێکی چێنراو لە عەفرین تەقییەوە و بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک.
بەپێی سەرچاوەکانی رووداو لەنێو شاری عەفرینەوە "بۆمبێک لەنێو حاویەیەکی زبڵ لە شەقامی راجۆ لە سەنتەری شاری عەفرین دانراوە و تەقیوەتەوە".
هەندێ سەرچاوە لەنێو شاری عەفرینەوە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، کە هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە و تەنیا بریندار هەن، بەڵام میدیاکانی نزیک لە پەکەکە باس لە گیانلەدەستدانی سێ کەس دەکەن بەهۆی تەقینەوەکەوە.
تەواوی رێگاکانی هاتن و چوون لەدوای روودانی تەقینەوەکە لەلایەن پۆلیسی سەربازیی ئۆپۆزیسیۆن گیراون و، بەپێی سەرچاوەکانی رووداویش لە عەفرینەوە "تەقینەوەکە پۆلیسی سەربازیی ئۆپۆزیسیۆنی کردبووە ئامانج".
هەتاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی عەفرین هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی تەقینەوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.









