نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: نیگەرانین لە پێکدادانەکانی حەلەب

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ستیفام دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ستیفام دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە گرژییەکانی حەلەب رایگەیاند، نیگەرانن لە پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و داوا دەکات هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە تۆپبارانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە.
 
لە وەڵامدا ستیفان دوژاریک گوتی: "بەڵێ، ئێمە ئەو راپۆرتە زۆر نیگەرانکەرانەمان بینیوە سەبارەت بە زیادبوونی پێکدادانەکان لە نێوان حکومەتی سووریا، هێزە ئەمنییەکان و هەسەدە."
 
گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاماژەی ئەرێنییان لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەت و هەسەدە بینیبوو، بۆیە "پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ئەوەی چۆن هەموو گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی سووریا لەناو چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا جێگیر بکرێن، ئەوەش لەڕێگەی پرۆسەیەکەوە کە سووریاییەکان خۆیان سەرپەرشتی بکەن."
 
دوژاریک دۆخی مەیدانیی سووریای بە "ناسک" وەسف کرد و گوتی: "گرنگە لەوێدا چەکەکان بێدەنگ بکرێن و گفتوگۆکان لە پێناو بەرژەوەندیی هەموو سووریاییەکان بەردەوام بن، بێ گوێدانە ئایین یان نەتەوەیان."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشق، هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گۆڕەپانی "دواری شەیحان" لە حەلەب و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
 
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی سووریا بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت: "ئەم هێرشە بەردەوامیی روونی پەرەسەندنی گرژییەکانە کە هەڕەشە لە ئاسایشی شارەکە دەکات و دەری دەخات حکومەتی دیمەشق دەستەوەستانە لە کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی خۆی."
 
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، سەرەڕای رێککەوتنەکان، غەدریان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە لە بازگە هاوبەشەکان بوون و بەشێوەیەکی لەناکاو کشانەوە و تەقەیان لە بازگەکان کرد."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەسەدەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەربازێکی سوپا بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک بریندار لە ریزەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی مەدەنی هەن.
 
بە گوێرەی دوایین راگەیێندراوی هەسەدە، لە ئەنجامی بۆردوومانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، ژنێکی تەمەن 57 ساڵان گیانی لەدەستدا و 17 کەسیش بریندار بوون.
 
دەقی پرسیارەکەی رووداو و وەڵامەکەی ستیفان دوژاریک:
 
رووداو: سەبارەت بە سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هێزەکانی سەر بە دیمەشق تۆمەتبار دەکەن بە تۆپبارانکردنی ئەو گەڕەکانەی کە کورد زۆرینەی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەتایبەتی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە باکووری حەلەب، لە ئەنجامدا، بە گوتەی هەسەدە، پێنج کەسی مەدەنی، کە یەکێکیان منداڵە، بریندار بوون. ئایا ئەم راپۆرتانەتان بینیوە؟ وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامتان چییە بۆ حکوومەتی سووریا؟
 
ستیفان دوژاریک: بەڵێ، ئێمە ئەو راپۆرتە زۆر نیگەرانکەرانەمان بینیوە سەبارەت بە زیادبوونی پێکدادانەکان لە نێوان حکومەتی سووریا، هێزە ئەمنییەکان و هەسەدە. لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاماژەی ئەرێنیمان لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەت و هەسەدە بینیبوو. پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ئەوەی چۆن هەموو گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی سووریا لەناو چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا جێگیر بکرێن، ئەوەش لە رێگەی پرۆسەیەکەوە کە سوورییەکان خۆیان سەرپەرشتی بکەن. من پێموایە بارودۆخی مەیدانی لە ڕووی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانەوە ناسکە، بەڵام گرنگە لەوێدا دەنگی چەکەکان بێدەنگ بکرێن و گفتوگۆکان لە پێناو بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان بەردەوام بن، بێگوێدانە ئایین یان نەتەوەیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریاییەکەی. وێنە: AA

هاکان فیدان: دەبێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا بێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ هەسەدە رێککەوتنە لەگەڵ دیمەشق و تێکەڵبوونە بە سوپای ئەو وڵاتە؛ دەشڵێت: "هاوئاهەنگییەکانی هەسەدە و ئیسرائیل رێگرن لە پێشوەچوونی دانوستاندنەکان."