نوێنەری مەسەدە: دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوام دەبن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
عەبدولوەهاب خەلیل، نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات
عەبدولوەهاب خەلیل، نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشق رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوام دەبن، بەڵام رەخنەی لە دیمەشق گرت، کە بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی گرووپە چەکدارەکان بەردەوام کێشە بۆ رێککەوتنی 10ی ئادار دروست دەکرێت.
 
عەبدولوەهاب خەلیل، نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود کرد و رەخنەی لە حکومەتی سووریا گرت، کە نەیتوانیووە گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات و گوتی، "ئەمە سێیەم جارە رێککەوتنی 1ی نیسان پێشێل دەکرێت لەلایەن ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەکو بەشێک لە سوپای سووریا دەبینن."
 
عەبدولوەهاب خەلیل هۆشداری بە حکومەتی سووریا دەدات، کە ئەم کارانە کاریگەری نەرێنی لەسەر رێککەوتنەکان دەکات و دەڵێت، "لەم کاتەدا کە دانوستاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی کاتی شام بەرێوەدەچێت، بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی ئەم گرووپانە هێرش دەکەن، لەو بڕوایەدام چەند هەوڵی بەم شێوەیە بدەن، ئەوە رێککەوتنی 10 ی ئادار و 1 ی نیسان سەرکەوتوونابن." 
 
رۆژی 10 ی ئاداری 2025 هەر یەک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لەو وڵاتە، لە 1 ی نیسانی 2025یش رێککەوتنێکی دیکە بۆ دەرچوونی هەسەدە لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و رادەستکردنی بە ئیدارەی سڤیلی ئەو شارە کرا، بەڵام هەردوولایەن یەکتر بە پێشێلکردنی هەردوو رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
 
نوێنەری مەسەدە لە دیمشق دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوان بەردەوام دەبن لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا و گوتی، "ئێمە بەردەوام دووپاتمان کردووەتەوە لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن بۆ ئەوەی رێککەوتنی 10 ی ئادار و پرۆسەی سیاسی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە دەبینین رۆژانە هێرش دەکرێتە سەر باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی بەسەر دانوستاندنەکانەوە دەبێت، تاوەکو ئێستا هەڵوێستی هەسەدە ئاشکرایە کە دەڵێت، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەم رێککەوتنە و پێویستە حکومەتی دیمەشق پابەندی بێت."
 
رۆژی دووشەممە 22/12/2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا دوای کۆبوونەوەی شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ واژۆکرا، دەربڕی ویست و خواستی سووریایە بۆ یەکخستنەوەی خاک و دامەزراوەکان بە شێوازێکی شارستانی و کاری هاوبەش، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیرادەیەکی جیدی و بەرجەستەکراومان لە لایەنی هەسەدە نەبینیوە بۆ جێبەجێکردنی."
 
سەبارەت بە هەنگاوە نوێیەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە، ئەسعەد شەیبانی ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگریی سووریا پێشنیازێکی نوێی بۆ جووڵاندنی رێککەوتنەکە داوەتە هەسەدە، کە تایبەتە بە لایەنی سەربازی.
 
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "دوێنێ یەکشەممە وەڵامیان داوینەتەوە و ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامەکەین، بەشێوەیەک کە دژ بە بەرژەوەندیی باڵای سووریا و یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەی نەبێت."
 
عەبدولوەهاب خەلیل داوا لە حکومەتی سووریا دەکات، بایەخ بە گفتوگۆی نێوان سوورییەکان بدات و دەڵێت، "دەستوەردانی دەرەکی کاریگەری لەسەر دانوستاندنەکان هەیە و دەبنە هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتنەکان، بۆیە پێویستە حکومەتی دیمەشق بەشێوەی سووری – سووری دانوستانەکان بکات بێ دەستوەردانی هەرێمی و دەرەکی، بەشێوەیەک تەنیا بەرژەوەندیی سوورییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بن."
 
 نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق باسی لە دوا دانوستاندنەکانی لەگەڵ دیمەشق کرد و رایگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەدا کە سیپان حەمۆ، سەرکردەی هەسەدە بەشداربوو، باس لە میکانیزمی تێکەڵکردنی سەربازی و ئەمنی و شێوازی فرقەکان و تایبەتمەندی یەپەژە پێشکەوتنی زارەکی هەبوون، جارەکانی پێشوو حکومەتی دیمەشق بێ وەڵام بوو، بەڵام ئەمجارە وا پێدەچێت گفتوگۆیان کردبێت بە فەرمی وەڵامی پێشنیازەکانی هەسەدەی دایەوە، بڕیار بوو گفتوگۆ لەبارەی وەڵامەکانمان بکرێن، بەڵام ئەو رووداوانە هاتنە پێش".
 
رۆژی دووشەممە 22/12/2025 شەڕ لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و ئاسایشی نێوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە روویدا، بەپێی ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە شەڕەکەدا 4 کەس کوژران و 25 کەسی دیکە برینداربوون، درەنگانی شەو هەر یەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە بڕیاری راگرتنی شەڕەکەیان دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە