رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە جۆری "بایرەکتار" پشتیوانییەکی چڕی سوپای عەرەبیی سووریا دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر گوندەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانێکی چڕی گوندەکانی (جەلەبییە، خەراب ئەشک و زرک)ـیان لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ دەستپێکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، درۆنەکان پشتیوانیی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق دەکەن و تاوەکو ئێستاش بۆردوومانەکان بەردەوامن. هەسەدە هۆشداری دەدات کە بەهۆی چڕیی هێرشە ئاسمانییەکان و شەڕ و پێکدادانەکانەوە، مەترسیی زۆر لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی هەیە و ئەگەری مردن و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک کەس لە ئارادایە.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانیش، هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە: "لە میحوەرەکانی گوندی (کورک)، شەڕڤانان توانیویانە بەرپەرچی هێرشی چەکدارەکان بدەنەوە و هەوڵەکانیان بۆ پێشڕەوی پووچەڵ بکەنەوە، بەڵام هێشتا شەڕێکی سەخت لە ناوچەکەدا هەیە".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 06ـی ئەم مانگەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رووبەڕووی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی رۆژی شەممە هەسەدە و دیمەشق ئاگربەستیان بۆ 15 رۆژ درێژکردەوە، بەڵام هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ