سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا بۆ هەسەدە: قەوارەی جیاواز بەناوى فیدراڵییەوە رەتدەکەینەوە

27-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا، هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەى "جووڵە و لێدوانیان" بۆ داواکردنى فیدراڵى و هێنانەکایەى واقعێکى جیاواز لەمەى کە هەیە و دەڵێت: پێچەوانەى ناوەڕۆکى رێککەوتنى نێوانیانە. داواشى کرد پابەندبوونێکى راستگۆیانە هەبێت بۆ رێککەوتنى نێوانیان.
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ى نیسانى 2025 بڵاویکردەوە، ئاماژەى بەوەداوە کە رێککەوتنى ئەم دواییەى نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکى ئەرێنى بووە بۆ هێورکردنەوە و کرانەوە بە رووى چارەسەرى گشتگیری نیشتمانی، "بەڵام جووڵە و لێدوانى ئەم دواییەى سەرۆکایەتیى هەسەدە کە داواى فیدراڵى و هێنانەکایەى واقعێکى جیاواز لەسەر زەوى دەکەن، بەشێوەیەکى روون پێچەوانەى ناوەڕۆکى رێککەوتنەکەیە و هەڕەشە لە یەکێتیى وڵات و پارێزراویى خاکەکەى دەکات".
 
سەرۆکایەتى کۆمارى سووریا جەختى کردووەتەوە کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە هەنگاوێکى بونیاتنەرانە بووە لەسەر بنەماى ئەوەى جێبەجێ کرا، بە رووحیەتێکى کۆکەرەوە دوور لە پڕۆژەى تایبەت یان خستن.
 
10ـی ئادارى 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رێککەوتنێکى هەشت خاڵییان لە دیمەشقى پایتەخت واژۆ کرد بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان بەڕێوەبەرى خۆسەر و حکومەتى ئەو وڵاتە.
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریادا هاتووە: "بەڕوونى هەر هەوڵێک رەتدەکەینەوە بۆ سەپاندنى دیفاکتۆى دابەشکارى یان دروستکردنى قەوارەی جیاواز بەناوى فیدراڵى یان بەڕێوەبەرى خۆسەر بەبێ سازانى گشتگیرى نیشتمانى."
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا رایگەیاند: یەکێتیى خاک و گەلى سووریا هێڵى سوورە و هەر تێپەڕاندنێکى دەرچوونە لە ریزى نیشتمانى و زیان گەیاندنە بە ناسنامەى کۆکەرەوەى سووریا. 
 
لەو راگەیێندراوەدا سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا نیگەرانی دەربڕیوە لە ئەو هەڵسوکەوتانەى بە گوتەى ئەوان بە ئاراستەى گۆڕانى دیموگرافى هەندێک ناوچەیە و هۆشداری داوە لە پەکخستنى کارى دامەزراوەکانى دەوڵەت لەو ناوچانەى کە لەژێر دەسەڵاتى هەسەدەن و  دەستگرتن بەسەر داهاتە نیشتمانییەکان بە مەبەستى بەکارهێنانى لە دەرەوەى چوارچێوەى دەوڵەت و جەختی کردووەتەوە کە نابێت دەست بەسەر بڕیارى هیچ پێکهاتەیەکدا بگیرێت و قۆرخى نوێنەرایەتیکردنى کارێکى رەتکراوەیە.
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا جەختى کردەوە کە "مافى کورد وەک سەرجەم پێکهاتەکانى دیکەى گەلى سووریا لە چوارچێوەى دەوڵەتى سووریا پارێزراوە لەسەر بنەماى هاوڵاتیبوونى تەواو و یەکسانى لەبەردەم یاسا بەبێ ئەوەى پێوست بە دەستوەردانى دەرەکى یان سەرپەرشتى بیانى هەبێت".
 
ئەو کاردانەوەى سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا دواى رۆژێک بوو لە بەستنى کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد'' لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کە تێیدا نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان ئامادەى بوون.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا داواى لە  سەرجەم هاوبەشەکان کرد لە پێش هەموویانەوە هەسەدە، رێکبکەون و پابەندبوونێكی راستگۆیانە بۆ ئەو رێککەوتنەى لە نێوانیان وژاۆ کراوە هەبێت. جەختى کردەوە کە هەموو جۆرە سەرپەرشتی و هەژموونێکى دەرەکى رەتدەکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە