ئیسرائیل هێرشی کردە سەر حەلەب و 36 چەکداری سوپای سووریای کوشت

29-03-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی هەواڵیی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر پارێزگای حەلەب و سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریاش دەڵێن، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 36 چەکداری سوپای سووریا.
 
رۆژی هەینی، 29ـی ئاداری 2024، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمڕۆ هەینی کاژێر 1:45 خولەکی بەیانی "ئیسرائیلی دوژمن" لەبەرەی باشووری رۆژهەڵاتی حەلەبەوە هێرشێکی ئاسمانی کردووە.
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە نەکردووە کە لە هێرشەکەدا کوژراون، بەڵام رایگەیاندووە، جگە لە کەسانی سەربازی، چەندین کەسی دیکەی سڤیلیش کوژران و بریندار بوون. 
 
سەرچاوە خۆجییەکانی سووریاش رایانگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل ناوچەیەکی نزیک لە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج. 
 
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن: "لانیکەم 36 چەکداری سەر بە سوپای سووریا کوژراون و چەندین سەربازی دیکەش بریندار بوون".
 
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە، سەدان هێرشی ئاسمانی  کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
 
ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

.

حکومڕانیی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی هات؛ سەردەمێکی نوێ چاوەڕێی سووریایە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی دیکەی دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەد چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان راگەیاند. بەمەش حکومڕانیی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی هات. حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد لە ساڵی 1971ـەوە دەسەڵاتی گرتبووە دەست و لەدوای مردنی لە ساڵی 2000، بەشار ئەسەدی کوڕی دەسەڵاتی لە باوکی وەرگرت تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی دیسێمبەر کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی هات.