رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای دەنیزلی لە تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس و برینداربوونی 43 کەسی دیکە؛ بەشێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
کاژێر 06:20 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلوولی 2023، بارهەڵگرێک لە رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی هۆناز و ناوەندی شاری دەنیزلی لە پارێزگای دەنیزلیی تورکیا بە خێراییەکی زۆر خۆی بە پاسێکی نەفەرهەڵگردا کێشا و هەردووکیان وەرگەڕان.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 43 کەسی دیکەش، کە زۆربەیان سەرنشینی پاسەکە بوون، برینداربوون و دۆخی تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
دوو کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە شوفێری بارهەڵگرەکە و کەسێکی یاوەری بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ژمارەیەک ئەمبوڵانس و تیمی ئاگرکوژێنەوە چوونە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە نەخۆشخانەی فێرکاریی شارۆچکەی هۆناز لە پارێزگای دەنیزلی.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ