رووداو دیجیتاڵ
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە و دواتریش لە رێوڕەسمێکدا سری سورەییا ئۆندەر بە خاک دەسپێرن.
کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە چەند کاژێرێک دوای کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵی بوو، سازکرا.
هەردوو بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆنفرانسەکە روونکردنەوەیان لەبارەی پرۆگرامی بە خاکسپاردنی ئۆندەر خستەڕوو.
سەزایی تەمەللی نیگەرانیی خۆی و پارتەکەی سەبارەت بە کۆچی دوایی ئۆندەر راگەیاند و گوتی:"سەرۆک سری ماوەی 18 رۆژ بەرگریی کرد، بەڵام دواجار ئەومان لەدەستدا، بەڵام تێکۆشانی ئاشتییانەی ئەو بۆ هەموومان رێنیشاندەرە. تێکۆشانەکەی لەئەمڕۆ بەدواوەش هەر دەژی".
لەبارەی کات و شوێنی بە خاکسپاردنەکەش کە دەم پارتی چەند جارێک گۆڕانکاریی لە رۆژەکەیدا کردبوو، تەمەللی جەختیکردەوە، رێوڕەسمەکە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت و گوتی:"سەرەتا لە AKM، دواتریش لە گۆڕستانی زنجیرلی کویو ماڵئاوایی لێ دەکەین، بەڵام لە هەر شوێنێکی تورکیادا، ئەوانەی ناتوانن بێنە ئیستەنبووڵ، لە بارەگانی شار و شارۆچکەکانماندا سەرەخۆشی دەکرێت".
سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت کێشە لە شاخوێنبەری دڵی هەبووە.
ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتە لێی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ