رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە دارستانەکانی شارۆچکەکانی چەشمە و ئۆدەمیشی سەر بە شاری ئیزمیری تورکیا دەسووتێن، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لە دەست داوە.
ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە و وەکو رێکاری خۆپارێزی چەندین شوێنی نیشتەجێبوون چۆڵکراون.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی پێنجشەممە سێی تەمووزی 2025، لە گەڕەکی تۆسونلاری سەر بە شارۆچکەی ئۆدەمیش، کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە بە ناوی ئیبراهیم دەمیر لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە سووتاوە و گیانی لە دەست داوە.
رۆژی چوارشەممە، دووی تەمووزییش لە گەڕەکی سوچکتی لە هەمان شارۆچکە، بڵێسەی ئاگر بە خێرایی تەشەنەی کرد و گەیشتە ماڵی ئیبراهیم ئەرکانی تەمەن 81 ساڵ کە بە تەنیا لە ماڵەکەدا بوو.
ئەرکان کە نەخۆش بوو و لە جێگادا بوو، بەهۆی ئەوەی نەیتوانی لە ماڵەکەی بچێتە دەرەوە سووتا و گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکە لەو شارۆچکەیە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە دوو کەس.
سلێمان ئەلبان، پارێزگاری ئیزمیر رایگەیاند، لە زەوی و ئاسمانەوە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان بەردەوامن و هیوادارن لە ماوەیەکی کورتدا ئاگرەکە لە چەشمە کۆنترۆڵ بکەن.
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان گوتی: "کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکان بەهۆی مرۆڤەوە بووە یان کارێكی تێکدەرانە بووە، ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەکانی چەشمە، ئۆدەمیش، سەفەریهیسار و فۆچا بەهۆی کێشەی هێڵەکانی کارەباوە کەوتووەتەوە."
بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژراندنەوەی ئاگرەکان، دوو فڕۆکە، 9 هێلیکۆپتەر، 35 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 9 ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژێن و چوار بولدۆزەر بەبێ وەستان کاردەکەن. رێگای سەرەکی ئیزمیر-چەشمە کە بەهۆی ئاگرەکەوە داخرابوو، بەرووی هاتووچۆدا کرایەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە سێی تەمموز رایگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، 110 باڵەخانە و دوو کارگە لە پارێزگای ئیزمیر، 69 باڵەخانە و سێ کارگە لە پارێزگای بیلەجیک و 5 باڵەخانە لە پارێزگای مانیسا زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ