رووداو دیجیتاڵ
بەبڕیاری دادگا 10 لە تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا خرانە گرتووخانە و 4ی دیکەشیان بە مەرج ئازادکران.
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەخشی راستەوخۆی تایبەت بە کەناڵی خۆیدا رایگەیاند رۆژی یەکشەممە دەچێتە کۆنیا و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵاری دەکات و چاودێریی دۆخەکە دەکات.
عەبدولڕەحمان کارابوڵوت، پارێزەری خێزانە کۆمەڵکوژکراوەی کۆنیا، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن خێزانێکی تورکەوە کوژران، باسی لە سەرەتای دوژمنداریی نێوان خانەوادەی دەدەئۆغوڵڵاری لەگەڵ خانەوادەیەکی تورک کرد و گوتی:"11 ساڵ لەمەوبەر لوتفی کەلەش لە لای یاشار دەدە ئۆغڵوڵڵاری لەکاتی بیستنی هەواڵێکی پێکدادان و کوژرانی ژمارەیەک سەربازی تورکیا، قسەی نەشیاو و قێزەون بە تەواوی کورد دەدات، لە بەرامبەر ئەمەدا یاشار وەڵامیدەداتەوە و دەڵێ بۆچی جنێو بە تەواوی کورد دەدەیت؟ ئیدی لەوکاتەوە دوژمنداریی نێوان ئەو دوو خێزانە دەستپێدەکات".
عەبدولڕەحمان کارابوڵوت دەڵێ لە ماوەی ئەو 11 ساڵەدا سووکایەتی و هێرش بۆ سەر ئەو خێزانە کوردە بەردەوام بووە و چەندین جار هێرشیانکراوەتە سەر.
لەبارەی هێرشەکەی رۆژی عەرەفە بۆ سەر ماڵی خێزانە کوردەکە عەبدولڕەحمان کارابوڵوت رایگەیاند ئەو هێرشکارانە خێزانە کوردەکە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەوان هێرشیانکراوەتەوە سەر، لەکاتێکدایە شەڕەکە لە ناو حەوشی ماڵی خێزانە کوردەکە روویداوە.
کارابوڵوت رایگەیاند پێشتریش خێزامە کوردەکە دادگا و پۆلیسی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە مەترسیی هێرشی نەژادپەرستانەیان لەسەرە و پێویستە بپارێزرێن، بەڵام گوێیان پێنەدراوە.
لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. بەتایبەتی لە باکووری کۆنیادا چەند شارۆچکەیەک هەن کە هی کوردانن. هەروەها لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن کە نزیکەی 600 هەزار کەس دەبن. سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن.کارابوڵوت، گوتی: "بێگومان کوردان بەرامبەر بەو رووداوە نەژادپەرستیانە نیگەران و تووڕەن. تەنانەت بەشێکی زۆر لە تورکەکانی شارەکەش بێتاقەتی ئەو رووداوەن و قەبووڵی ناکەن".
ئێوارەی رۆژی هەینی 30ی تەممووزی 2021، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران.
دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی توندیان هەبوو، ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد، تۆمەتبارکرد. دەسەڵاتیش دەڵێت، ئەم تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ