رووداو دیجیتاڵ
کەسێک بەناوی محەممەد ئاڵتوون کە تۆمەتبارە بە کوشتنی خێزانێکی حەوت کەسیی کورد لە شاری کۆنیای تورکیا، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرا.
دادگای کۆماری لە کۆنیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوژرانی خێزانێکی حەوت کەسی، بکوژی خێزانەکە کە کەسێکە بەناوی محەممەد ئاڵتوون، لە نزیک گوندی ئووچپنارلەری سەر بە ناوچەی بۆزکر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
پارێزگاری کۆنیا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، محەممەد ئاڵتوون کە حەوت کەسی یەک خێزانی بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسایشی کۆنیا و فەرماندەیی جەندرمە لەو شوێنەی خۆی تێدا شاردبووەوە دەستگیرکرا.
محەممەد ئاڵتوون رۆژی 30ی تەممووز لە کۆنیا هێرشی کردە سەر خێزانێکی حەوت کەسیی کوردی خەڵکی شاری قارسی باکووری کوردستان، هەر حەوت کەسی خێزانەکەی کوشت و ئاگری لە خانووەکەیان بەردابوو.
ئەو خێزانە کوردە ماوەی 30 ساڵ بوو لە شاری قارسەوە چووبوونە شاری کۆنیا و 15 ساڵیش بوو لە ناوچەی مەرامی کۆنیا نیشتەجێ بوون، بەپێی قسەی خۆیان کە پێشتر رایانگەیاندبوو، لە ماوەی ئەو 15 ساڵەدا بەردەوام لەلایەن نەژادپەرستەکانی تورکەوە هێرشیان کراوەتەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ