رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو خێزانە 14 کەسییەی لایەنگری داعش کە شۆفێرێکیان لە ئەنقەرە کوشت و بۆ سووریا هەڵاتن، هاووڵاتیی تورکیان و دواتر رەگەزنامەیان وەرنەگرتووە، وەک لە هەندێک دەزگای راگەیاندندا باسکرابوو.
رۆژی 21ـی ئەیلوولی 2025، بینالی ئاسلان، شۆفێرێکی تەمەن 65 ساڵان لە ئەنقەرە دیارنەما. دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت لەلایەن خێزانێکی 14 کەسیی لایەنگری داعشەوە براوە بۆ مەرسین و لە رێگەدا کوژراوە و لە دارستانێکی قەزای تارسووسی مەرسین دۆزرایەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، خێزانەکە لە دەرەوەی ئەنقەرە، ئاسلان-یان کوشتووە، تەرمەکەیان بۆ ماوەی 480 کیلۆمەتر لەنێو ئۆتۆمبێلدا گواستووەتەوە بۆ مەرسین و لەوێ ناشتوویانە. دواتر بە هەمان ئۆتۆمبێل چوونەتە هاتای و لەوێوە سنووری سووریایان بەزاندووە.
دوای ئەوەی ئاشکرا بوو تۆمەتبارەکان لە ئیدلبن، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا.
لە ئۆپەراسیۆنەکەی میت لە ئیدلب، رووبەڕووبوونەوە روویدا. لە پێکدادانەکەدا، باوکەکە (وەهدی)، دایکەکە (مەریەم) و شەش منداڵیان کوژران. شەش کەسی دیکەی خێزانەکەش، کە دووانیان بریندار بوون، دەستگیرکران و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هاتای کران.
گومانلێکراوەکان دانیان بەوەدا نا کە شۆفێر ئاسلان-یان لە رێگەدا کوشتووە و لە تارسووس لە دارستانێکدا ناشتوویانە.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە ئەو خێزانە 14 کەسییەی سەر بە داعش کە تورکیایان هەژاندووە، سووریایین و دواتر رەگەزنامەی تورکیایان وەرگرتووە، بەڵام دەرکەوت هاوکات رەگەزنامەی فەرەنسیشیان هەیە. خێزانەکە تاوەکو ساڵی 2023 لە فەرەنسا ژیاون و دواتر هاتوونەتە تورکیا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە بڵاوکراونەتەوە گوایە خێزانەکە سووریایین و دواتر رەگەزنامەیان وەرگرتووە، هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە. هەموو ئەندامانی خێزانەکە هاووڵاتیی تورکیان."
خێزانی ئەکسۆی، لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا لە دیلۆک هێرشیان کردبووە سەر جەندرمە و بەو هۆیەوە مانگێک لە زیندان مانەوە.
هەروەها لە دیلۆک، لە نزیک ئەو مەزارگەیەی لێی دەژیان، تەرمی منداڵێکی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵانیان دۆزرایەوە کە دەرکەوت منداڵی وەهدی و مەریەم ئەکسۆییە. باس لەوە دەکرێت کە منداڵەکە کەمئەندام بووە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە فەرمییەکان نێژراوە و پزیشکی دادی تورکیاش لێکۆڵینەوەی لەبارەی هۆکاری مردنەکەی دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ