رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا دەڵێت، هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی سووریا، لاوازکردنی یەکگرتووییەکەی یان پێشێلکردنی سەروەرییەکەی شکست دەهێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دیدگەی تورکیا بۆ سووریا بریتییە لە بوونی "وڵاتێکی یەکگرتوو و ئازاد."
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا لە گوتارێکدا لە 99ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگەکە نووسی، "سووریا هەمیشە فایلێکی سەرەکی بووە لە هاوسەنگیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
کاڵن رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024، کە رۆژی کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد بوو، بە "دەرەفەتێکی مێژوویی" ناوبرد و گوتی، ئەو دۆخە بووە خاڵی وەرچەرخان بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیر کە تێیدا وڵاتەکە لەلایەن سووریاییەکان خۆیانەوە بەڕێوە ببردرێت.
سەرۆکی میت دەڵێ: "دیدگەی تورکیا بریتییە لە پشتیوانیکردن لە سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، خاوەن سەروەری، ئارام و دیموکراسی، چونکە ئەم رێڕۆیە دەبێتەهۆی بەدەستهێنانی ئاشتیی ناوخۆیی و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی." هەروەها دڵنیایی دا، "تەواوی هەوڵە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ لاوازکردنی یەکێتیی سیاسیی سووریا شکست دەهێنن."
ئیبراهیم کاڵن جەخت لە رۆڵی تورکیا وەک نێوەندگیرێکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و دەڵێ، دەزگەی هەواڵگری هەوڵدەدات لە رێگەی مۆدێلی "هەواڵگریی خۆپارێزی"ـیەوە درێژە بەم رۆڵە بدات کە خۆی لە ئۆپەراسیۆنی مەیدانی، شرۆڤەی مەترسی و هەڵسەنگاندنی درێژخایەن دەبینێتەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان پێش روودانیان.
لە حەلەب چی دەگوزەرێ؟
بەهۆی پێکدادان و تۆپبارانی هەڕەمەکی لە حەلەب چەندین کەس کوژراون و برینداربوون. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، لە ئەنجامی تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ژنێک بەناوی فاتیمە حەمادە گیانی لەدەستداوە و 17 سڤیلی دیکە بریندار بوون.
لەبەرامبەردا تەندروستیی حەلەب کوژرانی 3 هاووڵاتیی سڤیلی لە گەڕەکی (مەیدان) لە باکووری حەلەب راگەیاند و گوتی، دووانیان ژنن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی حەلەب رایگەیاند 9 فەرمانبەریان بەهۆی تۆپبارانی هەسەدەوە لە کاتی دەوامدا بریندار بوون. پارێزگاری حەلەب گوتی، "بەگشتی ژمارەی بریندارانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گەیشتووەتە 15 کەس."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ