رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە سەرەڕای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی شەش حیزبی، نەیتوانی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەربگرێت؛ ئێستا بێدەنگی باڵی بەسەر جەهەپەدا کێشاوە و داوا لە کڵچدارئۆغڵو دەکرێت دەست لە پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە بکێشێتەوە.
سەرۆکشارەوانیی بۆڵو، کە جەهەپەییە، رۆژی دووشەممە 05-06-2023 لە نامەیەکی کراوەدا داوای لە کڵچدارئۆغڵو کرد دەستلەکار بکێشێتەوە و گوتی، جەهەپە بەهۆی خۆشەویستیی کورسییەوە شکستی هێنا.
تانژو ئۆزجان، سەرۆکشارەوانیی بۆڵو دەڵێت، "بەڕێز سەرۆکی گشتی! ئەمە دوایین نامەیە بۆ ئێوە نووسیومە. دەزانم نیشتمان و دەشزانم بیر لە داهاتووی منداڵان دەکەنەوە. کەوایە رێگە لەبەردەم تورکیا بکەنەوە. کاتی کۆنگرە دیاری بکەن و رایبگەیێنن کە خۆتان بەربژێر ناکەن."
سەرۆکی جەهەپەی میراتگری مستەفا کەمال ئەتاتورک، دوای 21 ساڵ جارێکی دیکە هەرەسی هێنا لە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات. لە کاتێکدا بەرپرسانی جەهەپە و هاوپەیمانەکانی بەڵێنی مسۆگەریان بە جەماوەرەکەیان دابوو، بەڵام نە لە پەرلەمان زۆرینەیان بەدەستهێنا و نە پۆستی سەرۆککۆماریشیان بردەوە.
ئەمەش وایکردووە داواکاری بۆ گۆڕان و ریفۆرم لەنێو جەهەپە زیاتر بێت، تەنانەت ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵیش هەمان داواکاریی هەیە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رۆژی 29ی ئایاری 2023 گوتی، "بیرتان نەچێت! تاکە شت کە ناگۆڕێت، (گۆڕان) خۆیەتی. گۆڕان لە هەموو گۆڕەپان و کەسێکدا پێویستە. لەمەودوا چاوەڕێ ناکەین هەمان کار بکەین و ئەنجامی جیاواز ببینین."
هەرچەندە تادێ گوشارەکان لەسەری زیاتر دەبن، بەڵام کڵچدارئۆغڵو هیچ ئاماژەیەکی دەستلەکارکێشانەوەی نەداوە.
رۆژی دووشەممە 05-06-2023 بە بڕیاری کڵچدارئۆغڵو، ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی جەهەپە نوێکرایەوە. ژمارەی ئەندامان لە 18 ئەندامەوە بۆ 15 ئەندام کەمکرایەوە و تەنیا پێنج لە ئەندامەکانی پێشوو ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ