رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئاڵتوون بکوژی خێزانە حەوت کەسییە کوردەکەی شاری کۆنیای تورکیا بەبڕیاری دادگا خرایە زیندانەوە.
رۆژی پێنجشەممە 5ی ئابی 2021 محمەممەد ئاڵتوون لە دادگای کۆنیا دادگاییکرا، کە لە چوارچێوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوژرانی خێزانە حەوت کەسییە کوردەکەی شاری کۆنیا دەستبەسەرکرابوو و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرا.
دادگای کۆنیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی "کوشتنی بەمەبەست" بڕیاری زیندانیکردنی محمەممەد ئاڵتوونی دا و دوای دەرچوونی بڕیارەکە، بکوژەکە رەوانەی گرتووخانە کرا.
محەممەد ئاڵتوون رۆژی 30ی تەممووز لە کۆنیا هێرشی کردە سەر خێزانێکی حەوت کەسی کورد، خەڵکی شاری قارسی باکووری کوردستان و هەر حەوت کەسی خێزانەکەی کوشتن و ئاگری لە خانووەکەیان بەردا.
دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر رووداوەکەدا، محەممەد ئاڵتوون لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسایشی کۆنیا و فەرماندەیی جەندرمە لەو شوێنەی خۆی تێدا شاردبووەوە دەستگیرکرا.
محەممەد ئاڵتوون لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەداناوە، بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لە دوای خۆی جێنەهێڵێت بۆ جاری دووەم تەقەی لەو کەسانە کردووە، کە کەوتوونەتە سەر زەوی و گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی تۆمارەکانی کامێرای چاودێری دوای کوشتنی حەوت هاونیشتمانییە کوردەکە ئاگری لە ماڵەکەیان بەرداوە.
ئەو خێزانە کوردە ماوەی 30 ساڵ بوو لە شاری قارسەوە چووبوونە شاری کۆنیا، 15 ساڵیش بوو لە ناوچەی مەرامی کۆنیا نیشتەجێبوون، بەپێی قسەی خۆیان، لەماوەی ئەو 15 ساڵەدا بەردەوام لەلایەن نەژادپەرستانی تورکەوە هێرشییان کراوەتەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ