لە تورکیا 5 نووسەر و مامۆستای کورد بەهۆی پەرتووکێکی کوردی دەستبەسەر دەکرێن

07-03-2025
هەوار ئیسماعیل
وێنەی کتێبەکە و سی لەو مامۆستایانەی دەستگیرکراون.
وێنەی کتێبەکە و سی لەو مامۆستایانەی دەستگیرکراون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە پەرتووکی "هینکەر" سەبارەت بە فێرکردنی زمانی کوردی، دوو کەسی دیکەش دەستبەسەرکران و بەمەش ژمارەی ئەو نووسەر و مامۆستایانەی بەهۆی ئەو پەرتووکە دەستبسەرکراون گەیشتە 5 کەس. بارۆ 'سەندیکای پارێزەران' ـی هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، دەستبەسەرکردنەکان بە نایاسایی ناو دەبەن و داوای ئازادکردنیان دەکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە پێنجی ئاداری 2025، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە فەرمانی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سێ نووسەری کورد. مەولوود ئایکۆچ لە ئیستەنبووڵ، سامی تان لە رووها و رۆنایی ئۆنەن لە ئامەد بە تاوانی ئامادەکردنی پەرتووکی "هینکەر" سەبارەت بە فێرکردنی زمانی کوردی دەستبەسەرکران. 
 
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بانگەشەی ئەوە دەکات، هینکەر، "پەرتووکێکی پەروەردەیی ئایدیۆلۆژیی رێکخراوە". 
 
رۆژی دواتر لە شەشی ئادار لە چوارچێوەی هەمان لێکۆڵینەوەدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عیزەت چنار و شوکران چنار لە ئیستەنبووڵ و هەردووکیان دەستبەسەرکرد. ئەو کەسانەی دەستگیرکراون گوێزراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و لەژێر لیکۆڵینەوەدان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان (رۆژی پێنجشەممە، شەشی ئادار)، دوای لێپرسینەوە هەریەک لە سامی تان و رۆنایی ئۆنەن ئازاد کراون و سێ کەسەکەی دیکە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی حەوتی ئادار بدرێنە دادگە. 
 
کۆمیسیۆنەکانی زمانی کوردیی بارۆی پارێزگاکانی ئامەد، ئاگری، ئێلیهـ، مێردین، رووها، سێرت، شرنەخ و وانی باکووری کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. 
 
بارۆکان رایانگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی ماڵی نووسەرانی کورد و دەستبەسەرکردنیان نایاساییە و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن".
 
هینکەر پەرتوکێکی کوردییە کە لە سێ بەرگ پێکهاتووە بۆ سێ ئاستی جیاواز و لە ساڵانی 2010، 2011 و 2012 لەلایەن ئینستیتیوتی کوردییەوە ئامادەکراوە بۆ بڵاوکردنەوە. 
 
هەریەک لە مەولوود ئایکۆچ، سامی تان و رۆنایی ئۆنەن نووسەری سەرەکی ئامادەکردنی پەرتووکەکەن، کە بۆ خولی فێرکردنی زمانی کوردی ئامادە و چاپکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە